جوڵەی فڕۆكە ئێرانییەكە لەسەر ماڵپەڕی فلایت رادار24
پێدەچێت شەڕەكە بوەستێت
شاندی دانوستكاری ئێران گەیشتە عومان
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
میدیا جیهانییەكان بڵاویانكردەوە، شاندی دانوستكاری ئێران بۆ راگرتنی شەڕ لەگەڵ ئیسرائیل گەیشتە شانشینی عومان.
ئاژانسی رۆیتەرز كەمێك پێش ئێستا بڵاویكردەوە، شاندەكەی ئێران بە فڕۆكەیەك گەیشتنە عومان.
ئەمە لە كاتێكدایە رێبەری باڵای شۆڕشی ئێران عەلی خامنەیی رایگەیاندووە، ئێران بە ئاشتی سەپێندراو رازیی نییە و لەژێر گوشاردا دانوستان ناكات.
ماڵپەڕی فلایت رادار، كە تایبەتە بە جووڵەی فڕۆكە لە جیهاندا، پێشانی دا كە دوو فڕۆكەی حكومی بە ئاسمانی ئێرانەوە بوون، بەڵام شوێنی فڕین و نیشتنەوەیانی دیاری نەكردبوو.
هەروەها سەرۆكی ئەمریكا دۆناڵد ترەمپ ئەمڕۆ رایگەیاند، هەفتەیەكی یەكلاكەرەوەیان لەپێشە بۆ شەڕی ئیسرائیل و ئێران و وتیشی، “رەنگە نەگەینە هەفتەیەكی دیكەش”.
ترەمپ بە توانجیشەوە وتی، “هیوای بەختێكی باش بۆ رێبەری ئێران دەخوازم”.
بڕیار بوو یەكشەممەی رابردوو گفتوگۆی ئێران و ئەمریكا لە بارەی بەرنامە ئەتۆمییەكەی ئێران لە عومان بكرێت، بەڵام رۆژی هەینی و پێش كۆبوونەوەكە، ئیسرائیل هێرشی كردە سەر ئێران، بۆیە شاندی ئێران ئامادەنەبوون بچنە گفتوگۆ و وەزارەتی دەرەوەی ئەو وڵاتەش رایگەیاند، دوای هێرشەكان گفتوگۆ چ مانایەكی نییە، بەڵام ئەمڕۆ شاندەكە گەیشتنە عومان.