پێنجەم رۆژى جەنگ
ئەگەر ترەمپ ئاوێک بەو ئاگرەدا بکات
964+
وریا فەتاح
ئەمڕۆ پێنجەم رۆژى جەنگەکەیە، هەموو چاوەکان لەسەر ترەمپن هەتا ئاوێک بەم ئاگرەدا بکات، بەڵام ترەمپ قسەیەکى تر دەکات.
شەوى رابردوو وەک ئەوەى چاوەڕێ دەکرا، پێکدادانێکى قورس لە نێوان ئیسرائیل و ئێران رووى نەدا، ئەمەش رەنگە سەرەتایەک بێت بۆ خاوبوونەوەى گرژییەکە.
دوێنێ عەباس عێراقچى، وەزیرى دەرەوەى ئێران رایگەیاند کە تەلەفونێکى ترەمپ بۆ تەلئەبیب، دەتوانێت “دەستدرێژى و پەلامارەکانى” ئیسرائیل بۆسەر تاران، بوەستێنێت.
دواتر ترەمپ پێش بەشداریکردنى لە لوتکەى (جى 7) رایگەیاند: ئێران دەرفەتى گفتوگۆى لەدەستدا و پێویستە خەڵکى تاران ئەمشەو (واتا شەوى رابردوو)، تاران بەجێبهێڵن.
دواتر کۆشکى سپى رایگەیاند، ترەمپ کۆنگرەکەى بەجێهێشتووە و گەڕاوەتەوە بۆ واشنتۆن، ماکرۆنى سەرۆکى فەرانساش وتى،”ترەمپ بۆ دانوستانى نێوان واشنتۆن و تەلئەبیب گەڕاوەتەوە”.
بەیانى ئەمڕۆش لە دەورووبەرى کاتژمێر 8:30 خولەک، ترەمپ وەڵامى ماکرۆنى دایە و وتى “خۆى لە هەموو شتێک هەڵدەقورتێنێت، من بۆ بابەتێکى گەورەتر لە دانوستان گەڕاومەتەوە بۆ واشنتۆن”.