ئێران چەند ملیۆن دۆلارى بە ئیسرائیلەوە ناوە؟

جەنگى موشەکە دوورهاوێژەکان: بە تێچووى ملیۆنان دۆلار

964+

وریا فەتاح

مووشەکە بالیستییەکان بەشێکن لە ترسناکترین و کاریگەرترین چەکەکانی سەردەم، کە توانای گواستنەوەی کڵاوەی جەنگییان هەیە بۆ دووریی هەزاران کیلۆمەتر. ئەم مووشەکانە بەگوێرەی مەودای گەیشتنیان بە ئامانجەکانیان پۆلێن دەکرێن، کە ئەمەش کاریگەریی ستراتیژی و جیۆپۆلەتیکیی هەر وڵاتێک دیاری دەکات کە خاوەنیانە.

بەپێی ماڵپەڕی پسپۆڕی سەربازیی (Nations’ Military Equipment List)، پێناسەی مووشەکی بالیستی بریتییە لەو مووشەکەی کە رێڕەوێکی بالیستی (کەوانەیی) دەگرێتەبەر بۆ گەیاندنی کڵاوەیەکی جەنگی یان زیاتر بۆ ئامانجێکی دیاریکراو.

تایبەتمەندیی سەرەکیی مووشەکی بالیستی ئەوەیە کە تەنها لە قۆناغی سەرەتای هەڵدانیدا ئاراستە دەکرێت، دواتر بەهۆی هێزی کێشکردن و رێڕەوە کەوانەییەکەیەوە بەرەو ئامانجەکەی دەڕوات. ئەمەش وا دەکات کە رێگریکردن لێی زۆر قورس بێت.

موشەکەکان چیان تێدایە؟

کڵاوەى جەنگى بالیستییەکان، دەکرێت ئەتۆمی، کیمیایی، بایۆلۆجی یان تەقەمەنیی ئاسایی بن، کە ئەمە وایکردووە ببێتە چەکێکی ستراتیژیی یەکلاکەرەوە.

پۆلێنکاریی مووشەکە بالیستییەکان بەگوێرەی مەودا:

ماڵپەڕەکە مووشەکە بالیستییەکان بەم شێوەیەی خوارەوە پۆلێن دەکات:

1. مووشەکی بالیستیی کورت مەودا (SRBM):
ئەم جۆرە مووشەکە مەودای کەمترە لە 1000 کیلۆمەتر (نزیکەی 620 میل). بە شێوەیەکی گشتی بۆ ئامانجی تاکتیکی و لە مەیدانی جەنگدا بەکاردێت.

2. مووشەکی بالیستیی مامناوەند مەودا (MRBM):
مەوداکەی لە نێوان 1000 بۆ 3000 کیلۆمەتردایە (620 بۆ 1860 میل). ئەم جۆرە توانای هەیە ئامانجی ستراتیژی لە وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکەدا بپێکێت.

لەبەر ئەوەى دوورى نێوان ئێران و ئیسرائیل هەزار و شتێک کیلۆمەترە، دەکرێت بۆ هێرشەکان ئەم جۆرە موشەکانە بەکارهاتبن.

3. مووشەکی بالیستیی نێوانە مەودا (IRBM):
ئەم مووشەکانە مەودایان لە نێوان 3000 بۆ 5500 کیلۆمەتردایە (1860 بۆ 3240 میل). بە چەکێکی زۆر مەترسیدار دادەنرێن چونکە دەتوانن لە کیشوەرێکەوە هێرش بکەنە سەر کیشوەرێکی تر.

4. مووشەکی بالیستیی کیشوەربڕ (ICBM):
بەهێزترین جۆری مووشەکی بالیستین و مەودایان زیاترە لە 5500 کیلۆمەتر (3240 میل). ئەم مووشەکانە توانای گەیشتنیان بە هەر خاڵێکی جیهان هەیە و بە شادەماری هێزی ئەتۆمیی زلهێزەکان دادەنرێن.

ئەم پۆلێنکارییە یارمەتیدەرە بۆ تێگەیشتن لە توانای سەربازی و ستراتیژیی وڵاتان و هاوکێشە ئەمنییەکانی جیهان.

مووشەکەکانى ئێران بە دۆلار

زۆربەمان جەنگەکە لە بەکارهێنانى چەک و ژمارەى کوژراوان و بریندارەکان دەبینین، بەڵام پرسیارى ئابورى بۆ ئەم بابەتە ئەوەیە، تێچووى هەر موشەکێکى ئێرانى کە دەینێت بە ئیسرائیلەوە چەندە؟.

رەنگە وەڵامدانەوە ئەو پرسیارە 100 لە 100 دروست نەبێت، چونکە ئێران هەرگیز بە فەرمی تێچووی موشەکەکانی بڵاو ناکاتەوە و وەک نهێنییەکی سەربازیی باڵا دەیپارێزێت. بەڵام بە پشت بەستن بە راپۆرتی ناوەندە ستراتیژییەکان، لێکدانەوەی شارەزایانی سەربازی، زانیارییەکانى ماڵپەڕی Nations’ Military Equipment Lis، دەکرێت لە راستییەکە نزیک ببینەوە.

خەمڵاندنی تێچووی هەر موشەکێک:

تێچووی موشەکەکان زۆر جیاوازە بەپێی (جۆر، تەکنەلۆجیا، مەودا و وردبینییەکەی)، تێچووەکە لە وڵاتێکەوە بۆ وڵاتێکى تریش جیاوازە، بۆنمونە موشەکاکانى چین لە جۆرى (KT-II، KT-IIA، DongFeng 21D)، تێچووەکەیان لە نێوان 6 تا 8 ملیۆن دۆلارە.

موشەکە باوەکانى ئێران بریتین لە (غەدر، سەجیل، شەهاب-3)، ئەمانە کۆنترین و ناسراوترین موشەکی بالیستی ئێرانن.

بەپێى زانیارییەکانى Nations’ Military Equipment List، تێچووى موشەکەکانى ئێران 3 تا 8 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر موشەکێک، هەروەها تێچووى خەمڵێندراو بەپێى ناوەندی توێژینەوەی ستراتیژی و نێودەوڵەتی (CSIS) لە چەندین راپۆرتیدا ئاماژەی بەوە کردووە کە موشەکەکانی جۆرى”شەهاب” و “غەدر” کە تەکنەلۆجیایەکی تا رادەیەک کۆنیان هەیە (لەسەر بنەمای موشەکی سکەدی کۆریای باکوور پەرەیان پێدراوە)، تێچوویان لە نێوان 3 بۆ 7 ملیۆن دۆلارە.

ئێران دوو جۆر موشەکى پێشکەوتووتر و وردترى هەیە کە ناویان (عیماد، خەیبەرشکن)، کە تواناى ئاراستەکردن و پێکانى ئامانجەکانیان زیاترە، تێچوى خەمڵێنراویان بە هەمان شێوە 3 بۆ 7 ملیۆن دۆلارە.

فەتاحەکان هێزى ئێرانن

پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ توێژینەوەی ستراتیژی (IISS): ئاماژە بەوە دەکات کە موشەکە هایپەرسۆنیکەکانى ئێران بە ناوەکانى (فەتاح-1 و فەتاح-2)، نوێترین و پێشکەوتووترین موشەکی ئێرانن و تەکنەلۆجیایەکی زۆر ئاڵۆزیان هەیە، تێچوى خەمڵێنراویشیان لە نێوان 20 بۆ 30 ملیۆن دۆلارە بۆ هەر موشەکێک.

تێچووی توێژینەوە و پەرەپێدان  بۆ موشەکەکان لە ئاستی جیهاندا زۆر بەرزە. بۆ نموونە، فەتاحەکانى ئێران بەراورد بە موشەکێکی هاوشێوەی ئەمریکی یان رووسی تێچووی دەیان ملیۆن دۆلارە. بەڵام ئێران بەهۆی هێزی کاری هەرزان و بەکارهێنانی کەرەستەی ناوخۆیی تێچووی کەمتر دەبێت، بەڵام هێشتا بە بەراورد بە موشەکەکانی ترى زۆر گرانبەهاترینن.

بەگشتى، تێچووى هەر موشەکێکى بالیستى باوى ئێران لە نێوان 1 بۆ 3 ملیۆن دۆلارە و تێچووى موشەکە پێشکەوتووەکان و هایبەرسۆنیکەکان دەگاتە 10 ملیۆن دۆلار.

بۆیە ئەگەر ئێران لە هێرشەکەى شەوى رابردوو (13.6.2025) کە وەک دەوترێت 200 بۆ 250 موشەک بووە، تێچووى هەر یەکێکیان بە کەمترین 2 ملیۆن دۆلار وەربگرین، ئەوان نزیکەى 500 ملیۆن دۆلار ملیۆن دۆلار  لەسەر ئێران کەوتووە، ئەوە جگە لە تێچووى درۆنەکانى کە هەریەکێکیان نرخەکەى لە نێوان 20 بۆ 50 هەزار دۆلارە، تێچووى سیستمى بەرگریی و ئەو زیانانەى بەرى کەوتوون لەولاوە بوەستێت.

ئیسرائیل چەند ملیۆن دۆلارى بە ئێرانەوە ناوە؟

میدیاکانی ئیسرائیل ئاشکرایان کردووە کە هێرشە ئاسمانییەکەی ئیسرائیل بۆ سەر دامەزراوەکان لە ئێران نزیکەی یەک ملیار و 500 ملیۆن دۆلاری تێچووە، لە کاتێکدا وڵاتەکە بەدەست فشارە داراییە زیادەکان و قەیرانی بودجەی بەرگرییەوە دەناڵێنێت.

راپۆرتەکان ئاماژەیان بەوە کردووە کە زیادبوونی بەرچاوی خەرجییەکانی بەرگری بووەتە بارگرانی لەسەر بودجەی گشتی، ئەمەش وایکردووە حکومەتی ئیسرائیل چوارچێوە بودجەی دیاریکراو بۆ ساڵی 2025 پێشێل بکات، دوای ئەوەی لە ساڵی 2024دا چوار جار پێشێلی کرد، ئەمەش رەنگدانەوەی ناسکی سەقامگیری داراییە لەنێو دۆخی گرژی ئەمنیدا.

وەک ئەوەى سەرچاوە ئیسرائیلییەکان باسى دەکەن، کەمى دارایی ئێستا مەترسی راستەوخۆ بۆ سەر ئاسایشی ئیسرائیل دروست دەکات و دەتوانێت ببێتە هۆی شکستهێنانی هێزە سەربازییەکان لە ئەنجامدانی ئەرکی هەستیار لە کاتێکدا کە مەترسییەکانی ناوچەکە زیاد دەبن و فشارەکان بۆ سەر دامەزراوە ئەمنییەکان زیاتر دەبن.

تێچووە نەبیندراوەکان:

تێچووی راستەقینەی ئەم هێرشە تەنها لە پارەی مووشەک و فڕۆکە و سیستمى بەرگرییەکەیدا نییە، تێچووە ستراتیژییەکە بریتییە لەو کاریگەرییە دیپلۆماسییەی کە لەسەر پەیوەندییەکانی هەردوو وڵات لەگەڵ وڵاتانی ناوچەکە و زلهێزەکاندا دروستی دەکات، یان کاریگەرییە ئابورییەکان لەسەر بازاڕى جیهانى و بازاڕە ناوخۆییەکانى هەردوو وڵات.

هێشتا دووکەڵی هێرشەکان بە تەواوی نەنیشتوونەتەوە، هەموو چاوەکان لەسەر ئەوەن هەلادوولا وەڵامى یەکتر بدەنەوە، هەردوولاش باس لەوە دەکەن هێرشەکانیان بەردەوام دەبێت، بەڵام دەبێت لە بیرمان بێت لەگەڵ هەر زرمەیەکدا ملیۆنان دۆلار لەسەر زەوى دەبێت بە سووتماک.