پارێزگاری هەولێر:

“سنوورەکان کراوەن و ئەرزاقێكی زۆریش لە كوردستان هەیە”

ئەرسەلان عەبدوڵا

پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات لە بارەی كەلوپەل و خۆراك و پێویستییەكان، چونكە سنوورەكان كراوەن و ئالوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە، هۆشداریشی دا لەوەی كەسانێك هەوڵ بدەن خۆراك و پێویستییەكان لەسەر هاوڵاتیان گران بكەن.

ئومێد خۆشناو ئەمڕۆ شەممە 134.6.2025 لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، هەرێمی كوردستان لە شەڕی ئیسرائیل و ئێران تێوەنەگلاوە و هیچ گرفتێكی نییە، سەبارەت بە كەلوپەلی خۆراك و پێویستییەكانی خەڵكیش رایگەیاند، هیچ كێشەیەك نییە و پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات، چونكە سنوورەكان كراوەن و ئالوگۆڕی بازرگانی بەردەوامە، جگە لەوە لە كۆگا بارزگانییەكان و كۆگاكانی دیكەش، خۆراكی زۆر هەیە و بەشی ماوەیەكی دوورمەودا دەكات.

پارێزگاری هەولێر ئاشكرای كرد، هەوڵ هەبووە كەلوپەل و خۆراك لە بازاڕی هەولێر گران بكرێت، بەڵام لیژنەكانی چاودێریی بازاڕ گەڕان و پشكنینەكانیان چڕكردەوە و كاری خۆیان كردووە كە ئەو بارودۆخە نەقۆسترێتەوە بۆ گرانكردنی بازاڕ.

ئاماژەی بەوەش دا، رەنگە نرخی دۆلار كاریگەریی بۆ سەر بازاڕ و كەلوپەل هەبێت، بەڵام كە سنوور كراوە بێت و خوراك بگاتە كوردستان، پێویست بە دڵەڕاوكێ ناكات.

لە بارەی گەشتە ئاسمانییەكانیش پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەدا، وەستانی گەشتەكان و داخستنی ئاسمان تەنیا هەرێمی كوردستان نییە و عێراق و وڵاتانی دەوروبەریشی گرتووەتەوە، هەرچەندە خەریكە وڵاتانی دەوروبەر گەشتەكان دەستپێدەكەنەوە.

هەروەها ئەوەشی باسی كرد، كە حكومەتی هەرێم ئاسانكاری بۆ هەر هاوڵاتییەكی كوردستان دەكات، ئەگەر لە دەرەوەی وڵات گیریان خواردبێت.