دیمهنێكی ناوهندى ناحیهى بالیسان - گرافیك: 964
تەنیا لە سێ مانگدا
دووپشک و مار دەستیان لە 56 هاوڵاتی بالیسان وەشاندووە
964+
ئاکام غەفور – سۆران
لە ماوەی سێ مانگی سەرەتای ئەمساڵ و لە سنوری ناحیەی بالیسان، 53 حاڵەتی پێوەدانی دووپشک و سێ حاڵەتی پێوەدانی مار تۆمار کراون.
لەگەڵ وشکەساڵی، پێوەدانی مار و دووپشک زیادی کردووە، تەنیا لە سێ رۆژی جەژن شەش کەس جەژنەکەیان لێ تاڵ بووە بەهۆی پێوەدانی دووپشکەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12.6.2025، فەرهاد عەزیز، بەڕێوەبەری کارگێڕی نەخۆشخانەی گشتی بالیسان بە 964ـی وت، ئەمساڵ تاوەکو ئێستا 56 حاڵەتی پێوەدانی مار و دووپشک لە فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان تۆمار کراوە، کە چارەسەری پێویستییان بۆ کراوە.
وەک باسی دەکات، ساڵی 2024، 209 کەس دووپشک پێوەداون لەگەڵ سێ حاڵەتی پێوەدانی مار، رێنمایی هاوڵاتیانیش دەکات، کە لە کاتی پێودانی مار و دووپشک بە زووترین کات خۆیان بگەینە بنکە تەندروستیەکان بۆ ئەوەی مەترسی گەورە لەسەر ژیانیان دروست نەبێت.
سنوری ناحیەی بالیسان، ناوچەیەکی شاخاوی و پڕ سەوزاییە، بەشی زۆری خەڵکەکەی بە کاری ئاژەڵداری و باخداری سەرقاڵن، ئەمەش وایکردووە، ساڵانە لەم ناوچەیە حاڵەتەکانی پێوەدانی مار و دووپشک زۆربێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا