ئه‌مبوڵانسه‌ تاقانه‌‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ریر چاككرایه‌وه‌

+964

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

دواى چه‌ند مانگێك له‌ له‌كاركه‌وتنی، ئه‌مبوڵانسه‌ تاقانه‌كه‌ى نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ریر چاككرایه‌وه‌ و به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌قڵاوه‌ش ده‌ڵێت “چه‌ند خزمه‌تگوزارییه‌كى دیكه‌ بۆ ئه‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌ فه‌راهه‌م كراون”.

به‌پێی زانیاریه‌كانى تۆڕى964، ماوه‌ى چه‌ند مانگێكه‌ به‌هۆى له‌كاركه‌وتنى ئه‌و ئه‌مبوڵانسه‌، هه‌رچی نه‌خۆشی كتوپڕى سنوورى ناحیه‌ى هه‌ریر هه‌بووه‌، له‌ رێگه‌ى ئوتومبێلی تایبه‌تى خه‌ڵك، یان ئه‌مبوڵانسه‌كانى نه‌خۆشخانه‌ى شه‌قڵاوه‌ بۆ هه‌ولێر گوازراونه‌ته‌وه‌.

محه‌مه‌د ئامۆكه‌یی به‌ڕێوه‌به‌رى راگه‌یاندنى نه‌خۆشخانه‌ى گشتى شه‌قڵاوه‌ به‌ تۆڕى964ـى وت “له‌ دواى دروستكردنى به‌شی نوێى فریاكه‌وتنى نه‌خۆشخانه‌ى هه‌ریر، به‌ پێویست زانرا ئه‌مبوڵانسه‌كه‌شی چاك بكرێته‌وه‌، كه‌ ماوه‌یه‌ك بوو له‌كاركه‌وتبوو”.

ئه‌وه‌شی ئاشكراكرد، هه‌ر له‌و نه‌خۆشخانه‌یه‌دا بانكی خوێن دروستكراوه‌و هۆڵى له‌دایكبوونی منداڵانیش نۆژه‌نكراوه‌ته‌وه ‌و ئاماده‌ن بۆ پێشوازیكردن له‌نه‌خۆشه‌كان.

هه‌ریر، ده‌بێته‌ تاكه‌ ناحیه‌ى سنوورى شه‌قڵاوه‌، كه‌ نه‌خۆشخانه‌كه‌ى نه‌شته‌رگه‌ریی جۆراوجۆرى لێ ئه‌نجام بدرێت و بانكى خوێن و هۆڵى منداڵبوونیشى تێدابێت، له‌ به‌رامبه‌ردا به‌پێی زانیارییه‌كانى تۆڕى 964، ناحیه‌كانى هیران و بالیسان ته‌نیا خاوه‌نى بنكه‌ى ته‌ندروستین و جگه‌ له‌ ئامێره‌ سه‌ره‌تاییه‌كان بۆ پشكنینى نه‌خۆش، هیچ ئامێرێكی پێشکەوتوویان بۆ دابین نەکراوە.

ھەریر، له‌ساڵى 1923 بووه‌ته‌ ناحیه ‌و سه‌ر به‌ قەزای شەقڵاوەى پارێزگای ھەولێر. ژمارەی دانیشتووانی به‌ 99 گونده‌وه‌، نزیکەی 35 هه‌زار کەسە و کەوتووەتە سەر رێگای ستراتیژی و مێژوویی هاملتۆن.