ئاگرەكەی قەرەداغ كۆنتڕۆڵ كرا
زیاتر لە 250 دۆنم لە پوش و پاوانى سووتاندووه
964+
محەمەد فاتیح
دوای ئەوەی بۆ نزیكەی 20 كاتژمێر ئاگرێك لە سنووری قەرەداغ نەتوانرا بكوژێنرێتەوە و رووبەرێكی زۆری گرتەوە، ئەمڕۆ توانرا ئاگرەكە كۆنتڕۆڵ بكرێت.
بەڕێوەبەرایەتيی پۆلیسی دارستان و ژینگەی پارێزگای سلێمانی بڵاویكردەوە، دوای کەوتنەوەی ئاگرێکی رووبەر فراوان لە سنوری گوندەکانی (ئەستێڵی خواروو ، دەلوجە ، ئاوایی شێخ مستەفا، کۆشکی سەروو ) مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی دارستانی قەرەداغ و هەریەک لە بنکەی سێوسێنان و خاڵی وەزیارە بە سەرپەرشتی بەڕێوەبەری بەشەکەیان گەیشتنە شوێنی ئاگرەکە .
وتيشى، “بە هاوکاری و هەماهەنگی مەفرەزەکانمان لە بارەگای بەڕێوەبەرایەتی و بەشی پۆلیسی دارستانی سلێمانی هەروەها تیمەکانی بەرگریی شارستانی و فڕۆکەوانی و دانیشتووانی سنوورەکە پێکەوە هەوڵی کوژاندنەوە و کۆنترۆڵی ئاگرەکەیان دەدا، بەڵام بەهۆی سەختیی ناوچەکە و چڕیی دارستانەکان و هەبوونی بایەکی بەهێز کوژاندنەوە و کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە سەخت و دژوار بوو، هەر بەو هۆیەوە ئەفسەر و کارمەندانمان تووشی حاڵەتی تەنگەنەفەسی و تێکچونی تەندروستی بوون “.
دڵنیاییشان دا، “ئێستا ئاگرەکە کۆنترۆڵ کراوە و لێکۆڵینەوە و بەدواداچوون دەستی پێکردوە بۆ دۆزینەوەی هۆکاری سەرەکیی کەوتنەوەی ئاگرەکە و پێشبینی دەکرێت زیاتر لە 250 دووسەد و پەنجا دۆنم لە پوش و پاوان سووتابێت، هەروەها زیانی زۆر بەر دارستانەکان کەوتووە”.