داری بەتەمەنی لێیە
شەش تیم لەوێن و لە نیوەڕۆ ئاگرەکەی قەرەداغ کۆنتڕۆڵ نەکراوە
964+
ئەحمەد محەمەد – سلێمانی
لەدوانیوەڕۆی ئەمڕۆ سێ شەممەوە، ئاگرێكی گەورە لە شاخی دەلوجەی سنوری قەزای قەرەداغ كەوتووەتەوە و بەهۆی سەختی شوێنەكەوە تائێستا نەتوانراوە كۆنتڕۆڵ بکرێت.
چەندین داری بە تەمەن کەوتووەتە رووبەری ئەو ناوچەیەی ئاگری گرتووە.
ئارام عەلی، وتەبێژی بەرگری شارستانی سلێمانی بە 964ی وت، ئاگرەكە لە كاتژمێر 3:00ی دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ وە كەوتووەتەوە، چەند تیمێكمان لە شوێنی ئاگرەكەن و سەرقاڵی كوژاندنەوەین، بەڵام تائێستا كۆنتڕۆڵ نەكراوە.
وتیشی، زیاتر لە شەش تیمی هەریەك لە سلێمانی، دەربەندیخان، قەرەداغ و دەورووبەری، لەگەڵ تیمێكی فڕۆكەوانی هەوڵی كۆنتڕۆڵكردنی ئاگرەكە دەدەن، بەڵام شوێنەكە سەختە و شاخاوییە ئەوەش كۆنتڕۆڵكردنی زەحمەت كردووە.
ئەو وتەبێژەی بەرگری شارستانی ئەوەشی خستەڕوو، ئاگرەكە لە هەردوو دیوی شاخەكە لە نزیك گوندی ئەستیل، دەلوجە و سێوسێنان كەوتووەتەوە، هۆكاری كۆنتڕۆڵ نەكردنیشی بۆ بەرزی شاخەكە و رەشەبایەكی بەهێزی ناوچەكە دەگەڕێنێتەوە و لەلایەكەوە كۆنتڕۆڵ دەكرێت و بەهۆی رەشەباكەوە لەشوێنێكی دیكەوە سەرهەڵدەداتەوە.
هێمن كەمەرخان، وتەبێژی پۆلیسی دارستان و پاوانی سلێمانی بە 964ی وت، تیمەكانی پۆلیسی دارستانی سلێمانی لەشوێنەكەن، ناوچەكە پڕە لە داری سروشتی و بەتەمەن وە رووبەرێكی زۆریشی گرتووەتەوە، بەڵام تا كۆنتڕۆڵ نەكرێت نازانین زەرەروو زیانەكان چەندن و لەئێستا مەزەندە ناكرێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا