لەبەر دوو هۆکار

وەزارەتی کارەبا دەڵێ، یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار بۆ هاوڵاتیان دەگەڕێننەوە

964+

ئەحمەد مستەفا

وەزارەتی کارەبا دەڵێ، بڕی یەک ملیار و 400 ملیۆن دینار دەگەڕێننەوە بۆ ئەو خێزانانەی کە بەشێکن لە پرۆژەی رووناکی، کە زیاتر لە 60 هەزار خێزان کە کارەبای 24 کاتژمێرییان هەیە سوودمەند دەبن لەو بڕە پارەیەی حکومەت بۆ پسوولەکانی مانگی پێنج.

بەمشێوەیەش بە تێکڕا، هەریەکێک لەو ماڵانە تا 20 هەزار دینار بە‌شێوەی کرێدت لەسەر پسوولەکانیان وەردەگرنەوە، هەندێک گەڕەک هەن کە ماڵەکانیان بە تێکڕا تا نزیکەی 80 هەزار دیناریش وەردەگرنەوە.

وەزارەتەکە ئەمڕۆ سێشەممە 10.6.2025، لە راگەیەندراوێکدا ئەوەشی نوسیووە، هاوکات زیاتر لە 10 هەزار خێزان بەهۆی گەڕانەوەی ئەمە بڕە بۆیان، هیچ بڕە پارەیەک نەدەن بۆ پسووڵەی کارەبای مانگی پێنج.

ئەم هەنگاوە ئەو خێزانانە دەگرێتەوە کە، پێشتر پارەیەکی زیاترییان دابوو بۆ پسوولەی کارەبا بە بەراورد بەو نرخە نوێیانەی ئەنجومەنی وەزیران لە چەند هەفتەی رابروودا پەسەندی کرد، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەش دەگرێتەوە کە سوودمەند نەبووبوون لە پاڵپشتی حکومی بەڕێژەی ٪15 لە مانگی سێیەمدا کە ئەویش لە چەند هەفتەی ڕابردوودا لەلایەن ئەنجومەنی وەزیرانەوە پەسەندکرا.

ئەمەش وەک پاڵپشتییەکە حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر پاڵپشتی مانگی یەکەم بەڕێژەی ٪50 و مانگی دووەم بەڕێژەی ٪25 کردوویەتی.

پێشتر ئەنجومەنی وەزیران بەکۆی دەنگ نرخە نوێیەکانی کارەبای پەسەندکرد، بە قسەی وەزارەتەکە بێت ئێستا ٪80ی هاوڵاتیان پارەیەکی کەمتر دەدەن بە کارەبا بە بەراورد بە پێشوو بۆ کارەبای مۆلیدەی ئەهلی و نیشتمانی. هەروەها حکومەتی هەرێمی کوردستان تاکو بڕی 200 ملیۆن دۆلاری بۆ ئەم پاڵپشتییانە و کۆمەڵێک دەستپێشخەری دیکە دابینکردووە.

گەڕەكێكی هەولێر لە رێگەی 964ـەوە گلەیی لە پڕۆژەی رووناك...

گەڕەكێكی هەولێر لە رێگەی 964ـەوە گلەیی لە پڕۆژەی رووناكی دەكەن