یەکەم ئەفسەری کوردە ئەو بڕوانامەیە بەدەستبهێنێت

دوو ئەفسەری کورد لە ئەمریکا بڕوانامەی ماستەریان بەدەستهێنا

964+

محەمەد فاتیح

لە بەردەوامی هاوپەیمانێتی نێوان هەرێمی كوردستان و ئەمریكا، دوو ئەفسەری كوردی دانیشتووی هەرێمی كوردستان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بڕوانامەی ماستەریان بەدەستهێنا.

ئەمڕۆ سێشەممە 10.6.2025 وەزارەتی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان بڵاویكردەوە لە چوارچێوەی پلانی مەشقی هاوبەشی وەزارەتی پێشمەرگە و هێزەکانی هاوپەیمانان، عقید ئاری فەیسەڵ نەقشبەندی بڕوانامەی ماستەری لە کۆلێژی جەنگی سوپا لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و هەروەها رائد روکن رۆژ جەمیل عەبدی بڕوانامەی ماستەری لە کۆلێژی ئەرکان لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بەدەستهێنا.

وتيشى، “عقید ئاری فەیسەڵ نەقشبەندی یەکەم ئەفسەری کوردە کە بڕوانامەی ماستەر لە کۆلێژی جەنگی سوپا لە ئەمریکا بە دەست بهێنێت”.

رونیشیكردەوە کۆلێژی جەنگی سوپا کۆلێژێکی بەناوبانگە و تایبەتە بە پەروەردە کردن و پەرەپێدانی فەرماندەکان و سەرکردەکان لە بواری ستراتیجیدا، بەتایبەت لەناو هێزی وشکانیدا.

دەشڵێت، “رائد روکن رۆژ جەمیل عەبدی ماوەی دوو ساڵ لە کۆلێژی ئەرکانی ئەمریکا بەردەوام بوو لە خوێندن، تێیدا وانەکانی تایبەت بە سەرکردایەتی کردن، مێژووی جەنگە بەرفراوانەکان، بیردۆزە سەربازییەکان، پڕۆسەی دروستکردنی بڕیاری سەربازی، باوەڕە سەربازییەکانی ئەمریکا و چەند بابەتێکی تر بە شێوەی تیۆری و پڕاکتیکی خوێنران”.