لەجەژندا هەڵمەتەكەیان چڕتركردووەتەوە
ژینگەپارێزان هەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوەیان لە رۆژانی جەژندا ئەنجامداوە
964+
محەمەد فاتیح
سەرەڕای پشووی فەرمی لە رۆژانی جەژنی قوربان و لە چوارچێوەی هەڵمەتە بەردەوامەكانیاندا، ژینگەپارێزان هەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوەیان لە رۆژانی جەژنى قوربان ئەنجامدا.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە له قەزای سەیدسادق هەڵمەتێكی پاككردنەوەی عەلوە و ناوبازاڕی سەیدسادق و شەقامەكانی دەرەوەی شار جێبەجێكرا و بە شێوەیەكی مەیدانی پاشماوەی كەڵەكەبووی چەند رۆژی ڕابردووی جەژنی قوربانیان هەڵگرتەوە و پاشان گواستیانەوە بۆ چارەسەركردن و ژێرخاكخستن و هەر لەچوارچێوەی ئەو هەڵمەتەدا ژینگەپارێزان هەڵمەتیكی ئاودانی نەمامەكانی سنوری قەزاكەیان جێبەجێكرد تاكو گەرما و ووشكی ئەم وەرزە كاریگەرییان لەسەر جێنەهێڵێن.
روونیشیكردەوە ژینگەپارێزانی سنوری قەزای ماوەت لە پاككردنەوە و هەڵگرتنەوەی پاشماوەی خۆڵ و خاشاك بەردەوام بوون و سنوری ناوەندی قەزاكە و گوندەكانی دەوروبەری گرتەوە.
پاككردنەوە
وتيشى، “سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن سەرپەرشتی هەڵمەتێكی بەرفراوانی پاككردنەوەی خۆڵ و خاشاكی سنورەكەی كرد و بە هۆی رۆژانی جەژنی قوربانەوە رێژەیەكی بەرچاو پاشماوەی خۆڵ و خاشاك لە سنووری قەزاكەدا كۆببووەوە و دواتر پاككرانەوە و چارەسەركران، بە هەمان شێوە بەهۆی رۆژانی جەژن و پشووەكانەوە خەڵكێكی زۆر سەردانی سیتەك و گوندەكانی دەوروبەریان كرد، ئەمەش وایكرد رێژەیەكی بەرچاو خۆڵ و خاشاك كۆببێتەوە، بۆیە لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی شارەوانی سیتەك؛ هەڵمەتەكان لە رۆژانی جەژندا درێژەى پێدراو و تاڕادەیەكی زۆر ژینگەی ناوچەكە لە خۆڵ و خاشاك پاككرایەوە.
دەشڵێت، “بەهۆی ڕۆژانی جەژنی قوربان و پشووەكانەوە، رێژەیەكی زۆری خۆڵ و خاشاك لە سنووری ناحیەی گەرمك كەڵەكەببوو بەتایبەت لە نزیك پردەكەی گۆخڵان و پردی تاتان، هەربۆیە لەسەر راسپاردەی سەرۆكایەتی شارەوانی گەرمك، هەڵمەتێكی بەرفراوانی هەڵگرتنەوەی خۆڵ و خاشاك جێبەجێكرا، هەروەها بەهۆی كەڵەكەبوونی پاشماوەیەكی زۆری خۆڵ و خاشاك لە سنووری قەزای دوكان بەتایبەت لەنێو سەیرانگای قەشقۆڵی، ژینگەپارێزانى شارەوانی دووكان هەڵمەتێكی پاككردنەوەیان دەستپێكرد و ناوبازاڕی قەزاكە و تەواوی شوێنە گشتییەكانیان لە پاشماوەی خۆڵ و خاشاك پاككردەوە.