دیمەنێکی بانکی رافیدەین - وێنە: میدیاکان
لە كۆتاییدا چی روودەدات؟
بانكی رافیدەین ناوی دەگۆڕێت و حكومەتیش بەشدارییەكانی كەم دەكاتەوە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
راوێژكارێكی سەرۆك وەزیرانی عێراق ئاشكرای كرد، ناوی بانكی رافیدەین دەگۆڕێت، بەشداریی حكومەتیش لە پشكەكانی بانكەكەش بۆ كەمتر لە 24% كەمدەكرێتەوە.
ساڵح سەلمان راوێژكاری محەمەد شیاع سودانی، بۆ ئاژانسی فەرمیی عێراق رایگەیاند، بانكی رافیدەین، كە گەورەترین دامەزراوەی بانكیی حكومییە لە عێراق، ناوەكەی بۆ “بانكی یەكەمی رافیدەین” دەگۆڕێت، هەروەها پشكداریی حكومەت لە بانكەكە بۆ كەمتر لە 24% كەمدەكرێتەوە، ئەو پشكانەی دەمێنن بۆ بانكە تایبەتییەكان و وەربەهێنەرانی نێودەوڵەتی دەخرێتەڕوو.
ئاماژەی بەوەش داوە، پێشبینیی دەكەن دووبارە رێكخستنەوەی بانكەكە و رەزامەندیی حكومەتی عێراق بۆ ئەم پرۆسەیە، تا كۆتایی ئەمساڵ بخایەنێت.
ئاشكراشی كردووە، كەرتی بانكیی تایبەت چاكسازیی تێدا دەكرێت، دوای واژۆكردنی گرێبەستێك لە نێوان بانكیی ناوەندیی عێراق و كۆمپانیای ئۆلیڤەر وایمان.
بە گوێرەی قسەكانی ساڵح سەلمان، ئەنجامەکانی ئەم پڕۆژەیە، کە ماوەکەی لە نێوان دوو بۆ سێ ساڵدایە، چەند راسپاردەیەک بۆ بانکە تایبەتەکان (ئەهلییەکان) لەخۆدەگرێت: یان کشانەوە لە کەرتەکە، یان پابەندبوون بە ستانداردە نێودەوڵەتییەکان، یان یەکگرتن لەگەڵ دامەزراوەکانی دیکە.