گەنجێک

لە رووباری سیروان مەلەی کرد و خنکا

میلاد جەلال – گەرمیان

.لە نزیک کۆرنیشەکەی سەر رووباری سیروان لە قەزای دەربەندیخان، گەنجێک لە رووبارەکە مەلەی کرد و خنکا

کەیوان ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی دەربەندیخان بە 964ى وت، “پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 8.6.2025، نزیک کاتژمێر 11:30 خولەک، گەنجێک لە رووباری سیروان لە قەزای دەربەندیخان مەلەی کردوە و خنکاوە”.

“گەنجەکە بە نەتەوە عەرەبە و لەلایەن ھاوڕێیەکییەوە دەرھێنراوە، بەڵام گیانی لەدەستدابوو، تەمەنی 21 ساڵە، بە مەبەستی گەشتکردن لە قەزای شارەبانەوە ھاتبوصنە دەربەندیخان”، کەیوان ئەحمەد وای وت.

ئاماژەی بەوەش کرد، لەو جێگەیەی گەنجەکە خنکاوە، تابلۆی قەدەغەی مەلەکردنیان داناوە، بەڵام ھاوڵاتیان پێوەی پابەندنین.

کەیوان ئەحمەد دەڵێت، داواکارین لە گەشتیاران و خاوەن شوێنە گەشتیارییەکان، ئەوانەی مەلەوانی دەکەن، لە سنووری کەپرەکان دەرنەچن.

نوێكرایەوە  3:12

پۆلیسی گەرمیان لە راگەیاندراوێكدا دوای نیوەڕۆی ئەمڕۆ ئاشكرای كرد، سێ كەس دەستگیركراون، كە هاوڕێی ئەو گەنجەن لە رووباری سیروان خنكا و لەگەڵیدا بوون.

ئاماژە بەوەش دەكەن، تەرمی گەنجە خنكاوەكەش رەوانەی پزیشكی دادی دەربەندیخان كراوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا