نەخۆشخانەى رزگارى و فریاکەوتنى رۆژهەڵات
بایکۆتیان کردبوو
لە هەولێر 20 پزیشک سزا دران
وریا فەتاح
لەسەر بایکۆتکردنى، پزیشکانى نیشتەجێى خولاو و دێرین، تەندروستى هەولێر 20 پزیشک سزا دەدات، هۆشداریش بە نەخۆشخانە تایبەتەکان دەدرێت کە ئەو پزیشکە سزادراوانە لە کاتى بایکۆت دەوامى تێدا بکەن، دادەخرێن.
بەپێى نوسراوێک کە واژۆى دکتۆر دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەرى گشتى تەندروستى هەولێرى لەسەرە و ئەمڕۆ 7.6.2025 دەرچووە، بڕیاردراوە بە سزادانى 20 پزیشکى نیشتەجێى خولاو و دێرین لە هەردوو نەخۆشخانەى رزگارى و راپەڕین.
ئەو پزیشکانە ئەمڕۆ ئامادە نەبوون لە شوێنى دەوام، بۆیە بە بڕیارى بەڕێوەبەرى گشتى بە بڕینى یەک رۆژ لە موچەکەیان سزادراون کە 13 پزیشکیان لە نەخۆشخانەى رزگارى بوون و 7 پزیشکەکەى تریش لە نەخۆشخانەى راپەڕین.
بەپێى نوسراوێکى تر کە ئەمڕۆ دەرچووە و واچۆى دکتۆر دلۆڤانى لەسەرە، نەخۆشخانە تایبەتەکان ئاگادار کراونەتەوە و هۆشداریان پێدراوە، لە کاتى دەوامکردنى ئەو پزیشکانەى کە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانە گشتییەکان دەوامیان نەکردووە، ئاوا رووبەڕووى لێپرسینەوە و داخستن دەبنەوە.
ئەوە لە کاتێکدایە، دوێنێ پزیشکانى نیشتەجێى خولاو لە هەولێر و سۆران هۆشداریاندابوو کە ئەمڕۆ بایکۆتى دەوام دەکەن بەهۆى وەڵامنەدانەوەى داواکارییەکانیان.
