رسوماتی لەسەر دەسەپێنن
دەروازەكانی عێراق وردبینی لەو ئۆتۆمبێلانە دەكەن كە لە هەرێمەوە داخڵ دەبن
964+
محەمەد فاتیح
ماوەیەكە دەروازە سنورییەكانی عێراق گێچەڵ بە هەرێمی كوردستان دەكەن و هەر رۆژە و بیانوویەكیان پێدەگرن و لە دوایین رێكارەكانیاندا داوايانكردوه چاودێری بخەنەسەر ئەو كەلوپەل و ئۆتۆمبێلانەی لە هەرێمی كوردستانەوە داخڵی عێراق دەبن.
سەرۆکی دەستەی دەروازە سنوورییەکانى عێراق عومەر وائیلی، كۆمەڵێك بڕیاریی دەركرد لەوانە وردبینیكردن لە رسومات و رێكارەكان بەرامبەر بەو کەلوپەل و ئۆتۆمبێلانەی لە دەروازەكانی هەرێمی كوردستانەوە داخڵ دەبن و گەرەنتیكردنی جێبەجێكردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران لەپێناو جێبەجێكردنی دادپەروەری لە رسوماتەكان لە سەرجەم دەروازەكانی عێراق بەبێ جیاوازی.
هەر لەم ماوەیەدا دەستەی دەروازە سنورییەكانی عێراق لیستێكی بڵاوكردەوە ناوی ئەو دەروازانەی لەخۆگرتبو كە لەلایەن حكومەتی عێراق دانیان پێیدا نەهێنراوە و بە نایاسایی لە قەڵەمی دان و لە وەڵامدا بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گومرگی هەرێمی کوردستان وتى، “هەرێم سیستمێکی شەفاف و سەردەمیانەی بۆ دەروازە سنورییەکان هەیە و هێرشی دەستەی دەروازە سنورییەکانی عێراق بابەتێکی سیاسییە و بۆ پەردەپۆشکردنی ڕاستییەکانە و گەندەڵی لە دامودەزگا فیدراڵییەکان گەیشتوەتە ئاستێکی مەترسیدار”.