کەس بێ بەش نەبوو

گەڕەکى شێنەییەکان؛ رەنگە نمونەى باشترینى ئەو شوێنانەبێت کە قوربانى لێ دەکرێت

وریا فەتاح

دەستور و رێکارى زۆر تایبەت هەن بۆ دابەشکردنى گۆشتى قوربان، بەڵام رەنگە گەڕەکى شێنەییەکانى ناحیەى ژاراوە نمونەى ئەو شوێنانە بێت لە دابەشکردنى گۆشتەکە، هەمووان بەبێ جیاوازى وەک یەک وەرى دەگرن.

بۆ ئەمساڵ گەڕەکى شێنەیییەکانى ژاراوە، پێنج تۆن و 157 کیلۆگرام گۆشتیان کردووە بە قوربانى.

بەپێى راپۆرتى کۆتایى ئەو ئەنجومەنەى بۆ قوربانیکردن و دابەشکردنەکە گرتووەتە ئەستۆ، 530 ماڵ گۆشتى قوربانیان وەرگرتووە کە 2 هەزار و 397 کەسن.

جا هەر ئەوەش نا، هەر کەسێک 1 کیلۆ و 400 گرام نەرمکەى بەرکەوتووە لەگەڵ 750 گرام ئێسقان.

ئەنجومەنەکە لەچەند کەسێکى خۆبەخش پێکدێت، پێش جەژن دەست بە تۆمارکردنى ناوى ماڵان و ژمارەى ئەندامانى خێزانەکان دەکەن، هیچ کەسى لێ ناپەڕێنن و دواتر لە رۆژى قوربانیکردن، ئەو گۆشتەى بۆیان هاتووە بەپێى ژمارەى دانیشتوان دابەشى دەکەن.