چوار هەزار سیڤیان پێشكەشكراوە
30 کۆمپانیا دوو هەزار هەلی كار بۆ گەنجانی دهۆك دەرەخسێنن
پ+964
هێڤی دێوالی- دهۆك
30 كۆمپانیا لە دهۆك دوو هەزار هەلی کار بۆ گەنجانی شارەکە دەرەخسێنن.
كۆمپانیاكان، هەموویان کۆمپانیای ناوخۆی هەرێمی کوردستانن و داوا لە گەنجانی شارەکە دەکەن لەڕێگەی سیڤییەوە داواکاری بۆ هەلی كار پێشکەش بکەن.
ئەو 30 کۆمپانیایە لەپێشەنگایەکی یەك رۆژ دەرفەتی کارەکەیان خستەڕوو، هەر لەهەمان رۆژدا چوار هەزار سیڤی پێشكەشی كۆمپانیاكان كراوە.
بەرپرسی یەکێک لەکۆمپانیاکان دەڵێ، لەچەند رۆژی داهاتوودا سیڤییەكان دەپشكنین و بەپێی پێداویستییەكان هەلی كارەكان دیاری دەكەین.
سلۆڤا محەمەد، سەرپەرشتیاری گشتی پێشانگایەكە بە تۆڕی964ی وت، گرنگی پێشەنگایەکە لەوەدایە کەهەموو خاوەن كۆمپانیاكان و خاوەنكارەكان دەتوانن بەئاسانترین شێوە یەكتری بدۆزنەوە و گفتوگۆ لەگەڵ یەكتریدا بكەن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی تۆڕی964، دیارترین هەلی کار کە لەپێشانگایەکەدا خرایەڕوو لەبوارەكانی تەكنەلۆژیا و خانووبەرەوە و كۆمپیوتەر و دیزاین بوون.
كاروان بەختیار، گەنجێكی بەشداربووی پێشەنگایەكەیە قسەی بۆ تۆڕی964 کردووە دەڵێت: ئەم جۆرە پێشەنگایە گرنگی گەورەیان بۆ هاوڵاتیان هەیە و پێویستە بەردەوامبن و بۆ ئەوەی هاوڵاتیانیش بتوانن بەئاسانی سیڤییەكانیان پێشكەش بە كۆمپانیاكان بكەن.
وابڕیارە لەماوەی داهاتوودا جارێكی دیكە پێشەنگایەكی تری هەلی كاردا لەچەند بوارێكی جیاواز بكرێتەوە.
پێداچوونەوەی: فەرمان سادق