ساڵانە زیاتر لە 400 ملیۆن تۆن پلاستیك بەرهەم دەهێنرێت

دەستەی ژینگە داوا دەكات پڕۆژەی دامەزراندنی ریسایكلینك گرنگی پێبدرێت

964+

محەمەد فاتیح

هەموو ساڵێك له 5ـی حوزەیران رۆژی جیهانى ژینگەیە، دروشمى ئەم ساڵ لە ئاستی جیهاندا بریتییە لە (کۆتایی هێنان بە پاشماوەی پلاستیک) و دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگەى هەرێمی كوردستانيش ئاشكرای كرد پلان و بەرنامەی تایبەتيان دەبێت.

دەستەی پاراستن و چاککردنی ژینگە بڵاویكردەوە ئێمە لە دەستەی ژینگە ئەم بۆنەیە بە دەرفەت دەزانین بۆ دووپاتكردنەوەی پابەندیمان بە پاراستن و چاككردنی ژینگەى هەرێمى کوردستان، هەر لەم روانگەیەوە لە کارنامەی كابینەی نۆیەمدا هاتووە کەوا (ژینگەی کوردستان، گەورەترین سەرمایەى هەمووانە).

دەشڵێت، “دیدگا و بۆچوونی حکومەت لە سەر بنەمای كاركردنه بە شێوەیەکی پراکتیکى و کارگێڕى زانستی و سەردەمیانە بۆ رووبەڕوبونەوەی كێشە ژینگەییەكانی هەرێمى کوردستان و باشتركردنی ژینگەکەى لە رێگەی ئەنجامدانی پڕۆژەی جۆراو جۆر کە کاریگەری ئەرێنی دەبێت لەسەر رەگەزەکانى ژینگە لە هەرێمى کوردستان، لەوانە پڕۆژەی رووناكی‌ و دروستكردنی پۆند و بەنداو و زیاتركردنی رووبەری سەوزایی و سەپاندنی مەرج و ڤێنمایی لەسەر پرۆژەکان، هەروەها توندوتۆڵکردنی چاودێری لەسەر ئەو سەرچاوانەی، کە ژینگە پیس دەکەن”.

وتیشی، “جەخت لەوە دەكەینەوە پڕۆژەی دامەزراندنی ریسایكلینك، گرنگی پێبدرێت بۆ كەمكردنەوەی پاشماوەكان و زبڵ و خاشاك، بەتایبەت كەمكردنەوەی پاشماوەی پلاستیك، کە بەداخەوە لە جیهاندا بووەتە مەترسییەكی گەورە و ساڵانە زیاتر لە (400) ملیۆن تۆنى لێ بەرهەم دێت و كەمتر لە (10) ملیۆن تۆنی ریسایكلینك دەكرێتەوە”.