"داواکراون لەلایەن دادگاوە"

شەش تۆمەتبار لەسنوری خورماتوو دەستگیرکران


سیروان خورشید – دوزخورماتوو

نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە لە یەکێک لە بازگەی باشوری خورماتوو شەش تۆمەتباری داواکراو لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە دەستگیرکران و رەوانەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی گشتی خورماتوو کران.

عمید حوسێن عەلی، بەڕێوەبەری پۆلیسی گشتی خورماتوو، بە964ـی وت، بەهەماهەنگی هێزەکانی هەواڵگری کەکوک و بەغدا و پۆلیسی خورماتوو، ئەمڕۆ لەدوو هەڵمەتی جیادا لەسنورەکە شەش داواکراو کەوتنە بۆسەی هێزەکانمانەوەو بەبێ هیچ روبەروبونەوەیەک توانرا دەستبەجێ قۆڵبەست بکرێن و دەستگیر بکرێن.

وتیشی “ئەو تۆمەتانەی پێی دەستگیرکراون، بریتین له‌ تەقەکردن، دزیکردن و خراپ بەکارهێنانی ئامێری پەیوەندیکردن و هەروەها داگیرکردنی زەوی هاوڵاتیان”.

لە ئێستادا تۆمەتبارەکان بە بڕیاری دادوەر راگیراون و دوای تەواوكردنی رێكارە یاساییەكان رەوانەی شوێنی داواكراو دەكرێن و دەگوازرێنەوە بۆ هەریەک لەدادگاکانی کەرکوک و بەغدا، چونكه‌ به‌ڕێوه‌به‌رى پۆلیس ده‌ڵێت، سێ لە تۆمەتبارەکان لەلایەن دادگای کەرکوک و سێ تۆمەتبارەکەی دیکەش لەدادگایی بەغداوە داواکراون.

پێداچوونه‌وه‌ك فه‌رهاد حه‌سه‌ن