ژمارەیەک بارهەڵگر بە کەلوپەلەوە لە دەروازە سنوورییەکانی هەرێمی کوردستان _ وێنە: بۆ 964 نێردراوە
وابێ نرخ بەرزدەبێتەوە
بڕیاری گومرگی عێراق بەدڵی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان نییە
964+
ئەحمەد مستەفا
بڕیارێکی گومرگی عێراق بە دڵی یەکێتی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان نییە و ئەگەر بەرپرسێک ببینن هەژموونی بەسەر بڕیارەکەوە هەبێ، پێی دەڵێن، ئەو بەرهەمانەی لە ناوخۆ بەرهەم ناهێنرێن با رسوماتی گومرگی بۆ هاوردەکردنی، کەمبکرێتەوە.
بەنوسراوێکی فەرمی گومرگی گشتیی لە حکومەتی عێراق، بڕیارێکی دەرکردووە سەبارەت بە پوچەڵ کردنەوەی ئەو پێناسە گومرگیەی کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێکخرابوو بە ژمارە 13 ی ساڵی 2019، ئەوەش وادەکات پێناسەی گومرگی گۆڕانکاری بەسەردا بێت و نرخ بۆ کۆمەڵێک ئامێر، کەلوپەل و خواردەمەنی هاوردە زیادبکات.
مستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتی هاوردەوناردنکارانی هەرێمی کوردستان بە 964ی وت، هیچ گرفت نییە رسوومی گومرکی بەهای نرخ لەسەو ئەو کاڵایانە زیادبکرێ بە سەد قات، کە لە عێراق یان هەرێمی کوردستان ئەو بەرهەمە خۆماڵییانە بەرهەم دەهێنرێت، وە رێگریشی لێبکرێت لە هاوردەکردنی، بەڵام ئەوکاڵایانەی کە خۆمان بەرهەمی ناهێنین، داواکارین رسوومی گومرگی کەم بکرێتەوە، یاخود لاببرێت بەتایبەت خواردەمەنی.
بڕیارەکان کە لە نوسراوی ژمارە 5031 لە رۆژی 1.6.2025 دەرکراوە لە گومرگی گشتی عێراق ئەمانەن:
– هەڵوەشاندنەوەی سەرجەم نرخەکانی کاڵا، ئۆتۆمبێلی کارپێکراو و لە لیستە یەکگرتووەکان کە لەگەڵ هەرێمی کوردستان دەرچووە، بەپێی بڕیاری ژمارە 13ی کابینەی 2019.
– کارکردن بەگوێرەی لیستی نرخی کاڵا و ئۆتۆمبێلی جۆراوجۆر کە لە لیستەکانی هاوپێچکراو بە بڕیاری ژمارە 270ی کابینەی ساڵی 2025، کە لە سیستەمی ئەسیکۆدا تۆمارکراون، بە لەبەرچاوگرتنی بڕیاری ژمارە 23671ی کابینەی ساڵی 2023 لەسەر زێڕ، بڕیاری ژمارە 23672ی ساڵی 2023 سەبارەت بە کۆنتێنەرەکان.
– بڕیاری ژمارە 24815ی ساڵی 2025 لەسەر مۆبایل، و بڕیارنامە پەیوەندیدارەکانی تر، ئەگەر هەر بابەتێک لە لیستەکاندا ئاماژەی پێ نەکرابوو، پەیوەندی بە بنکەی سەرەکی ئەم دەسەڵاتەوە بکرێ، بۆ دیاریکردنی بەهاکەی بەپێی یاسا و پەسەندکردنی باشترین پراکتیزەکان بەپێی ستانداردە نێودەوڵەتییەکان.
– بەرزترین بەها بە پشتبەستن بە بڕیاری ژمارە 188ی کابینەی ساڵی 2025 پەسەند دەکرێت کاتێک فاکتورە پێشکەشکراوەکان لەگەڵ تێکڕای نرخەکانی تۆمارکراو لە سیستەمی ASYCUDA، بەپێی رێکارە کارپێکراوەکان.
سەرۆکی یەکێتی هاوردەوناردنکارانی وتی، ماوەیەک پێش ئێستا بە ژمارە 270 ساڵی 2025 پێناسەیەکی گومرگی تازەی دانراوە بۆ هەموو عێراق بەهەرێمیشەوە ناسراوە بە سیستەمی “ئەسیکۆدا”، کە سیستەمی ئۆتۆماتیکی بۆ پڕۆسێسکردنی داتای گومرگی دەگرێتەوە.
ئەم سیستەمە بەگوێرەی نوسراوەکە بێت دەبێت لە 1.6.2025 کاری پێ بکرێت، یەکێتی هاوردەوناردنکارانی هەرێمی کوردستان لە بەرنامەی کاریدا وەک ئامانج نوسراوە، کە هەوڵەکانیان بۆ ئەوەیە کە کاری بازرگانی هاوردە و هەناردە لە دوو رووەوە بەرەو پێشەوە بڕوات، کوالێتی و نرخی گونجاو.
مستەفا شێخ عەبدولڕەحمان بە 964ی وت، کە دەبینین لەم رۆژگارەدا، بەهۆی نەناردنی مووچە لەلایە حکومەتی ناوەندەوە بێ بازاڕی رووی لەبازاڕەکانی هەرێم کردووە و هاووڵاتیش بەکەم دەرامەتی یەوە ناتوانێ ژیانێکی باش بکات، لەسەر ئەوەشدا، نەگونجاوە رسوومی گومرگی لەسەر شمەک و کاڵا زیاد بکرێت.
ئەوان داوا لەحکومەتی عێراق دەکەن، بۆ زیاتر برەودان بە بەرهەمی ناوخۆ هیچ گرفتیان نیە رسوومی گومرکی بەهای نرخ لەسەر و ئەوکاڵایانە زیادبکرێ، بە سەدقات کە لە عێراق ئەو بەرهەمە خۆماڵییانە لە ناوخۆ بەرهەم دەهێنرێت، وەرێگریشی لێبکرێت لەهاوردەکردنیی.
بەڵام، لەگەڵ ئەوە نین ئەو کاڵایانەی کە لەناوخۆ بەرهەمی ناهێنین، رسوومی زیادبکرێ، پەیوەندی راستەوانەی هەیە بۆ زیادبوونی نرخ لەسەر هاوڵاتی و وتی، داواکارین رسوومی گومرگی، کەم بکرێتەوە یاخود لاببرێت، بەتایبەت بۆ خواردەمەنی.