دانیشتووانی مەندەلی
بە دشداشەی عەرەبییەوە دەردەکەون بەڵام بە زمانی شیرینی کوردی دەدوێن
964+
راژان باجەڵان – مەندەلی
مەندەلی شارێکی کوردییە بەڵام ئەگەر گوزەرێک بکەی بەناویدا مەگەر بە دەگمەن کەسێک ببینیت شەرواڵێک یان جلێکی کوردی پۆشیبێت، مەندەلاوییەکان بڕوایان وایە کورد بوون لە دڵدایە نەک لە روپۆش و روخسار.
دانیشتوانەکەشی کوردی رەسن و شیرین زمانن هەر بەو زمانە کوردیەی خۆیان باسی لەبەرکردن و لەبەرنەردنیی جلی کوردی دەکەن.
ئەبو سەمیر کوردێکی مەندەلییە و بۆ 964 دەڵێت، زۆربەی خەڵکی ناوچەکە دشداشە لەبەر دەکەن و تەنانەت خۆیشی هەر فێری ئەو جلە بووە، بەڵام ئەمە مانای ئەوە نییە کورد نین، بەڵکو کوردبوون لە دڵیدایە و هیوای وایە کورد بگەڕێتەوە ئەو ناوچەیە وەکو جاری جاران.
شێخ عەلی هەواسیش کە شێخێکی کوردە لە مەندەلی بە 964ـی وت، هەر لە سەرتای سەرهەڵدانی حکومەتی بەعس قەدەغە بوو کەس جلی کوردی بپۆشێت یان بە کوردی قسەبکات، هەرکەسێکیش وایکردبا بە سەختترین شێوە ئازار و ئەشکەنجە دەدرا و سەدان خێزانی کوردی شارەکەش هەر بەهۆی بیروباوەڕی کوردایەتییەوە ئاوارە کران، ئەمەش وایکرد ئەوانەی لە مەندەلی مانەوە کەمتر جلی کوردی بپۆشن و بە تێکەڵبوون لەگەڵ نەتەوەکانی تر هەستن بە لەبەرکردنی دشداشە بەڵام بیروباوەڕی وایە کە مەندەلی بە موڵک و زەوی و مۆرکەوە شارێکی کوردییە.
هەرچەندە سیمای کوردبوون جگە لە زمانەکەیان بە شارەکەوە نابینرێت بەڵام مەندەڵی لە بیروباوەڕی خەڵکەکەی هەر شارێکی کوردییە و بە ئاواتەوەن کوردێک لە هەر ناوچەیەکی دیکەوە بچێتە شارەکەیان و بتوانن خزمەتی بکەن.
پێداچوونەوە: توانا نەقی