بە سەوزایی و گوڵ دەڕازێندرێتەوە

پارکێکی تایبەت بەو ژنانە دەکرێتەوە کە لە شێڵتەرەکانن

ژووری هەواڵ

لە سلێمانی لەسەر رووبەری هەشت هەزار مەتر دووجا، پارکێکی تایبەت بەو ژنانە دەکرێتەوە، کە لە شێڵتەرەکان داڵدەدراون.

وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، رۆژی سێشەممە 3.6.2025 بەردی بناغەی پارکێکی حەوانەوە بۆ داڵدەدراوانی ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو دانرا.

ئاریان ئەحمەد، وتەبێژی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بە 964ـی راگەیاند، پارکەکە لەناو ماڵی داڵدەدانی ژنانی هەڕەشەلێکراو دەکرێتەوە و لەدوای تەواوبوونی رێکارە یاساییەکان دەستدەکرێت بە دروستکردنی.

پڕۆژەکە پێک دێت لە سەوزایی و باخچە و گوڵ و چیمەن و پارکێکی یاری بۆ ئەو منداڵانەی لەگەڵ داڵدەدراوانن و بەشێکیشی بۆ چالاکی وەرزشی بەکاردەهێنرێت.

کوێستان محەمەد، وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی رایگەیاند، پارکەکە “کەشێکی ئارام بۆ ژنانی داڵدەدراوان دابین دەکات و لایەنی دەرونیان زیاتر سەقامگیر دەکات”.

تێچووی دروستکردنی پارکەکە زیاتر لە 64 ملیۆن دینارە پارکەکە و لەلایەن کۆمپانیایەک بەناوی “ماکس هاس” جێبەجێ دەکرێت.