بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە
چەند کاتژمێرێکە لەسەر رێگای سەرەکی داقوق ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە
964+
سیروان خورشید – دوزخورماتوو
درەنگانی ئێوارەی ئەمڕۆ لەسەر رێگای گشتی کەرکوک بەغدا و بەدیاریکراوی لەسەر پردەکەی قەزای داقوق، دوو رووداوی هاتوچۆ رویداو چوار کەس برینداربوون و رێگاکەش داخراو و ئاستەنگی هاتوچۆ دروستبووە.
فەرمان نەشئەت، بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی داقوق، بە964ـی وت، “لەکاتی خۆرئاوابوون چوار بریندار گەیەندرانە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەکەمان، بەهۆی رووداوی هاتوچۆوە برینداربوون، یەکێک لە بریندارەکان هاوڵاتییەکی بەحرێنی بووە و بەهۆی تیژڕەویەوە خۆی کێشاوە بەکۆنکرێتێکی نزیک پڕۆژەی ئاوی داقوق و بەهۆیەوە توشی خوێن بەربوون بووەو دوای چارەسەری سەرەتایی بەهۆی سەختی برینەکەیەوە رەوانەی نەخۆشخانەی ئازادی کەرکوک کراوە.
وتیشی، بریندارەکان یەکێکیان کە باری تەندروستی ناجێگیرە هاوڵاتی بەحرێنیە و لەبەغداوە بەرەو هەرێم هاتووە لەسەر پردەکەی داقوق تووشی رووداوی هاتوچۆ بووە و لەرووداوەکەی دیکەش سێ کارمەندی تەندروستی بوون و هەرسێکیان برینداربوون و لەژێر چاودێری پزیشکدان.
عەقید ئەیاد نەقی، بەڕێوەبەری هاتوچۆی داقوق بە 964ـی وت، تاوەکو ئێستا بەهۆی رووداوەکەوە ئاستەنگی و قەرەباڵغی رێگاکە بەردەوامە، بەڵام ئێمە ماوەی چەند کاتژمێرێکە لەهەوڵی کردنەوەی رێگاکەداین.
ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێکی تر لە هۆکاری دروستبوونی ئاستەنگیەکە بەهۆی پەلەکردنی شۆفێرانە و دەرچوونی هەڵە دەکەن کارەکانمانی قورستر کردووە لە کۆنتڕۆڵکردنی دۆخەکە بەردەوامین لەهەوڵەکانمان بۆ کردنەوەی رێگاکە.
پێداچوونەوە: توانا نەقی