پیسبوونەکە 14 هێندە زیاترە لە سنووری سەلامەتی
هۆشداری دەدرێت لە كارەساتێكی ژینگەیی بە هۆی پیسبوونی رووباری فوراتەوە
964+
محەمەد فاتیح
لایەنێكی پەیوەندیداری عێراقی هۆشدارییەکی توندی دا و پێی وایە کارەساتێکی ژینگەیی نزیکبووەتەوە کە هەڕەشەیە بۆ سەر رووباری فورات .
ناوەندی عێراق بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویكردەوە ئاستێكی ترسناکی پیسبوونی نەوت لە رووباری فورات دەستنیشانكراوه و لەئەنجامی شیکارییەکی فەرمی کە لەلایەن وەزارەتی ژینگەوە دەرچووە، دەرکەوتووە کە ڕێژەی رۆن 1.4 میلیگرام/لیترە، لەکاتێکدا سنووری ڕێگەپێدراو لە 0.1 میلیگرام/لیتر نابێت زیاتر بێت و ئەمەش بەو مانایەیە کە پیسبوونەکە 14 هێندە زیاترە لە سنووری سەلامەتی کە ئەمەش ئاماژەیەكی زۆر مەترسیدارە.
دەشڵێت، “ئەنجامەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەكەن پیسبوونی راستەوخۆی نەوتی هەیە، کە رەنگە بەهۆی دزەکردن یان رژانی پیشەسازی نایاسایی بۆ ناو رووبارەکە بێت و بەردەوامی ئەم جۆرە پیسبوونە مەترسی راستەوخۆ له سەر ژیانی هاوڵاتیان و تەندروستی ژینگەی ئاويی لە عێراق دروست دەکات و داوای چالاککردنی چاودێری ژینگەيى و سەپاندنی سزای توند دەكەین بەسەر ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارن لە پیسکردنی رووباری فورات.