هەڵمەتی پاككردنەوەی سنوری ماوەت چڕدەكرێتەوە
شەقامی گەرمک فراوانكرا و قيرتاوكردنى شەقامی پێنجوێنيش دەستیپێكرد
محەمەد فاتیح
لە درێژەی پێشكەشكردنی خزمەتگوزارییەكان لە سنووری پارێزگای سلێمانی شەقامێك لە گەرمك فراوانكرا و شەقامێكیش لە پێنجوێن قیرتاوكرا و هەڵمەتێكی پاككردنەوەش لە ماوەت دەستیپێكرد.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی شارەوانییەکانی سلێمانی بڵاویكردەوە، شانەكانی شەقامی سەرەكی گەرمک – هەنگەژاڵ فراوان و تێکەڵەڕێژکرا بە مەبەستی باشتركردنی رەوشی هاتوچۆی ناوچەكە و ڕێگریكردن لە رووداوی هاتوچۆ كە پێشتر بەهۆی بەرتەسكی شەقامەكەوە مەترسی دروستكردبوو.
روونيشيكردەوە، سەرۆكایەتی شارەوانی پێنجوێن پڕۆژەی قیرتاوكردن و نۆژەنكردنەوەی شەقامی سەرەكی قەزاكەی دەستپێكرد، كە لەماوەی رابردوودا كاری لەسەر كردووە و لەئێستادا خستوویەتیە بواری جێبەجێكردنەوە.
دەشڵێت، “لەگەڵ نزیكبوونەوەی رۆژانی جەژنی قوربان و پشووی هاوڵاتیاندا، سەرۆكایەتی شارەوانی ماوەت هەڵمەتەكانی پاككردنەوەی سنوری گوندەكانی دەوروبەری چڕتردەكاتەوە و لەنوێترین هەڵمەتدا سنوری گوندەكانی (ئالان قۆز و دڕی) پاككرانەوە و بڕیارە هەڵمەتەكە تەواوی گوندەكانی سنوری ماوەت بگرێتەوە”.