سەرچاوەكانیان نادیارە

964 هۆكارەكانی قەدەغەكردنی دراوە دیجیتاڵییەكان بڵاودەكاتەوە

964+

محەمەد فاتیح

شارەزایەكی ئابووری و مامۆستایەكی زانكۆ باس له هۆكارەكانی قەدەغەكردنی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی دەكات لە هەرێمی كوردستان و ئاشكراشی دەكات كه بانکی ناوەندی عێراق ترسی لە سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا هەیە.

عەبدولڕەحمان مەشهەدانی شارەزای ئابووری و مامۆستای زانكۆ بە 964ـی وت، “بانكی ناوەندی عێراقی پێشتر بڕیاری قەدەغەكردنی دەركردووە سەبارەت بە مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی، لەنێوانیاندا فۆڕێكس وەك زۆرێك لە وڵاتانى ديكه”.

ئەو دەڵێت، “هۆكارەكەی دەگەڕێتەوە بۆ ئەو قەبارە زەبەلاحەی گواستنەوەی دارایی بۆ چەند سەرچاوەیەكی نادیار، چونكە ئەپڵیكەیشنەكانی فۆڕێكس بە تۆڕی ئینتەرنێت و ئەپڵیكەیشنەكانی بلۆكچەین كاردەكەن، كە لەگەڵ چەند لایەنێكی نەناسراودا مامەڵە دەكەن”.

وتيشى، “شتێکی تر ئەوەیە کە رەنگە زۆر کەس ببنە قوربانی مامەڵەی دیجیتاڵی لە ئەنجامی ساختەکاری، چونکە نازانیت مامەڵە لەگەڵ کێ دەکەیت و لە کام وڵاتدا نیشتەجێیە، هەروەک چۆن ئەو قۆڵبڕەی پێش چەند ساڵێك لەمەوبەر كە بەناوی دراوێکی دیجیتاڵی کەنداوەوە،  چەندین ملیۆن دۆلاری لە عێراق كۆكردەوە و لە شەو و رۆژێكدا لەبەرچاو دیارنەما و ونبوو”.

بانکی ناوەندی لە ترسی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا، یەدەگی فیدراڵی خۆی لە هەر جۆرە گواستنەوەیەكی دارایی بەدوور دەگرێت

مەشهەدانی ئاشکراشیکرد، “بانکی ناوەندی لە ترسی سزاکانی گەنجینەی ئەمریکا، یەدەگی فیدراڵی خۆی لە هەر جۆرە گواستنەوەیەكی دارایی لەلایەن لایەنە نەناسراوەکانەوە بەدوور دەگرێت، کە دوایینیان قەدەغەکردنی حەواڵەی کارتەکانە کە لەلایەن ئەو بانکانەوە دەردەچێت و بە شێوەیەكی تایبەتی بانکی ئەمریکی پەیوەندیداریان نییە”.

فەرمانگەی میدیا و زانیاری هەرێم ئێوارەی رۆژی دووشەممە 2.6.2025 لە گشتانێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیراندا، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمى ئاگادار كردووەتەوە، لە ژێر رۆشنایی نووسراوی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق، تایبەت بە قەدەغەكردنی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی (فۆرێكس) و دراوە دیجیتاڵییەكان، كاری پێویست بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێ، بۆ داخستنی سەرجەم ئەو كۆمپانیایانەی لەو بوارەدا لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا كار دەكەن.

لە 8ـی نیسانی رابردوو ئاسایشى هەولێر بڕیاریدا مامەڵەکردن بەهەموو جۆرە دراوێکى ئەلیکترۆنى قەدەغە بکات، هەروەها وتیان کۆمپانیاکانى فۆرێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراقدا رێگەپێدراو نین، هەر لەو چوارچێوەیەشدا چەند كەسێك بەهۆی ئەو كارانەوە دەستگیر كران.

كۆمپانیاكانی فۆرێكس و دراوە دیجیتاڵییەكان دادەخرێن

كۆمپانیاكانی فۆرێكس و دراوە دیجیتاڵییەكان دادەخرێن