فۆرێکس و دراوی دیجیتاڵی قەدەغەکرا
بە بڕیاری حکومەتی هەرێم
كۆمپانیاكانی فۆرێكس و دراوە دیجیتاڵییەكان دادەخرێن
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە بڕیارێكی نوێی حكومەتی هەرێمدا، كۆمپانیاكانی فۆرێكس و دراوە دیجیتاڵییەكان لە كوردستان دادەخرێن، لیژنەیەكی تایبەتمەندیش لە وەزارەتی ناوخۆ و لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ ئەم كارە پێكدەهێنرێت.
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە 1.6.2025 لە گشتانێكی سەرۆكایەتیی دیوانی ئەنجومەنی وەزیراندا بە ژمارە (6640) لە رێكەوتی 27.5.2025، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێم ئاگادار كراوەتەوە، لە ژێر رۆشنایی نووسراوی رێنماییەكانی بانكی ناوەندیی عێراق، تایبەت بە قەدەغەكردنی مامەڵەكردن لەگەڵ كۆمپانیاكانی ئاڵوگۆڕی ئەلیكترۆنی (فۆرێكس) و دراوە دیجیتاڵییەكان، كاری پێویست بۆ پێكهێنانی لیژنەیەك لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەكان بكرێ، بۆ داخستنی سەرجەم ئەو كۆمپانیایانەی لەو بوارەدا لە ژێر ناوی جۆراوجۆردا كار دەكەن.
لە 8ی نیسانی رابردوو ئاسایشى هەولێر بڕیاری دا مامەڵەکردن بە هەموو جۆرە دراوێکى ئەلیکترۆنى قەدەغە بکات، هەروەها وتیان کۆمپانیاکانى فۆرێکس و دراوە ئەلیکترۆنییەکان لە هەرێمى کوردستان و عێراقدا رێگەپێدراو نین، هەر لەو چوارچێوەیەشدا چەند كەسێك بەهۆی ئەو كارانەوە دەستگیر كران.