لە رێگەى پەیجەوە فێڵ لە هاوڵاتیان دەکرێت

بانکی ناوەندی هۆشداری لەبارەی کڕینی دۆلاری ساختە دەدات

964+

وریا فەتاح

بانکى ناوەندى عێراق، هۆشدارى دەدات لە بارەى بوونى پەیجى ساختەى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان کە ناوى ئەو کۆمپانیایانە هەڵدەگرن مۆڵەتی بانکى ناوەندیان هەیە و بە کڕینى دۆلارى ساختە، هاوڵاتیان هەڵدەخەڵەتێنن.

لە روونکردنەوەیەکدا کە ئەمڕۆ چوارشەممە بڵاوى کردووەتەوە، بانکەکە باسى لەوە کردووە، پەیجە ساختەکانى تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، ناوی کۆمپانیاکانی ئاڵوگۆڕی مۆڵەتپێدراویان هەڵگرتووە، کە لە رێگەی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە بانگەشە بۆ فرۆشتنی دۆلار دەکەن بە نرخى فەرمی.

بەپێى روونکردنەوەى بانکەکە، فێڵەکە بەو شێوازەیە، کە هاوڵاتى بۆ کڕینى دۆلار دەچێتە ناو لینکە ساختەکە و لە لینکە ساختەکەشەوە رێنمایى دەدرێت بە هاوڵاتییەکە بۆ دانانى دینار.

بانکەکە ئەوەشى خستووتەڕوو، کە بە دەستهێنانى دۆلار بە نرخى بانکى ناوەندى، تەنیا لە رێگەى ماڵپەڕى فەرمى کۆمپانیاوە  دەبێت و دانانى دیناریش لە بارەگاى سەرەکى کۆمپانیاى رێگەپێدراو دەبێت نەک لە رێگەى ئەلیکترۆنییەوە.

بەڕێوەبەرایەتیی چاودێریی دامەزراوە داراییە نابانکییەکان رایگەیاندووە، بەدەستهێنانی ئەم جۆرە خزمەتگوزارییە لە رێگەی حجزکردنی ئەلیکترۆنی لە ماڵپەڕی فەرمی کۆمپانیاکە ئەنجام دەدرێت (ئەگەر بەردەست بێت) و پرۆسەی دانانی پارە بە تایبەتی لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیاکە ئەنجام دەدرێت.

بانکى ناوەندى ئاگاداری ئەو هاوڵاتیانە دەکاتەوە، کە خوازیارى کڕینى دۆلارن بە نرخى فەرمى، پێویستە لە رێگەى ئەم لینکەوە (https://cbi.iq/page/25)، دڵنیا ببنەوە لە کارەکانى ئەو کۆمپانیایانەى کە بانکى ناوەندى مۆڵەتى پێداون.

جەختیش دەکاتەوە لە سزادانى خاوەنى پەیجە ساختەکان.

بانکى ناوەندى میکانیزمێکى نوێ بۆ فرۆشتنى دۆلار دەگرێت...

بانکى ناوەندى میکانیزمێکى نوێ بۆ فرۆشتنى دۆلار دەگرێتەبەر