جەنگى جامە دوو گوێچکەکە

نێراتزوری یان شازادەکان؟ یەک خەون، یەک جام، یەک براوە

964+

وریا فەتاح

چاوەکانت دابخە و لەگەڵم وەرە بۆ شەوێکی ئەفسووناوی، شەوێک کە ئەستێرەکانی ئاسمان لەگەڵ ئەستێرەکانی تۆپى پێ لە یاریگادا رکابەرى دەکەن و دەدرەوشێنەوە،  ئەلیانز ئارینا لە دڵى میونشن، دەبێتە جێژوانى بەیەکگەیشتنى ئەستێرەکان و پڕدەبێت لە جۆش و خرۆشی هاندەران و سروودى چامپۆنسلیگ، دوو رەنگی جیاواز، دوو ئاوازی جیاواز، دوو وڵاتى جیاواز، بەڵام یەک خەون، ئەویش بوون بە پاڵەوانى ئەوروپایە.

ملیۆنان چاو لە هەموو جیهان و 70 هەزار هاندەر لە یاریگاى ئەلیانز ئارینا، بە درێژایى 90 خولەک لە دواى کاتژمێر 10ـى ئەمشەو بە کاتى هەولێر، دەبنە شایەد و هاندەرى بەهێزترین و کاریگەرترین یارى کۆتایى ئەم وەرزەى ئەوروپا.

ئینتەرمیلان، شین و ڕەشپۆشە پڕ شکۆکەی مێژوو. هێزێک کە بۆنی ڕابردوویەکی زێڕینی لێدێت، ورەیەک کە لە قووڵایی دڵی شارەکەیانەوە، میلانۆوە، هەڵقوڵاوە، لەسەر کورسی یەدەگ، سیمۆنی ئینزاگی، وەک مایسترۆیەکی ئارام، بە هێمنی و زیرەکییەوە تاکتیکەکانی دادەڕێژت، ئەو دەیەوێت بە پۆزى کردنەدەرەوەى بارسا دەست بە یارییەکە بکات و نازناوەکە بۆ ئیتاڵیا بباتەوە، ئەو وڵاتەى ساڵانێکە ژوانى لەگەڵ جامە دوو گوێچکەکە نەبەستووە.

پاریس سانجێرمان، ئەو پڕۆژە گەورەیەی کە جیهانی تۆپی پێی هەژاندووە. ئەستێرەکان وەک مرواری لەسەر ملوانکەیەک کۆکراونەتەوە، دێمبڵى پڕ لە وزە و فێتینا و حەکیمى وەک شازادەیەکى پاریس ئەم وەرزە خۆیان پیشانى تۆپى پێ داوە. لویس ئینرکى بە ئەزمون و کوڕى وڵاتى گاکان دەیەوێت بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا جامەکە لە باوەشى خلێفیدا بخەوێنێت و ژوانى ملیاردێرە قەتەرییەکە و جامە دوو گوێچکەکە بباتە شەقامە 16 لیزێ.

ئەوەى ماوەتەوە ئەوەیە، ئەمشەو، ئاسمانى میونشن دەبێتە شاهێدى نووسینەوەى مێژوویەکى نوێ، شەقامەکانى دوو ئاراستە وەردەگرن، ئاراستەیەک بەرەو میلانۆ و ئەوەى تریش بەرەو پاریسى جوانى، پرسیار ئەوەیە کامیان بە گریانەوە میونشن جیدەهێڵن یان بە پێکەنینەوە بەرەو ماڵەکانیان دەگەڕێنەوە؟

پاریس سانجێرمان لە فایناڵی چامپیۆنزلیگ نزیكە

پاریس سانجێرمان لە فایناڵی چامپیۆنزلیگ نزیكە