بەبازاڕی فەقیران ناسراوە و سەری مار و مێروو دەستدەکەوێ
رۆژانی هەینی لە بازاڕی سورچیان دەرزی هەڵبدەیت ناکەوێتە سەر ئەرز
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
وەک دەڵێن، لە بازاڕی سورچیانی هەولێر، سەری مار و مێروو دەستدەکەوێ و دەرزی هەڵبدەیت ناکەوێتە سەر ئەرز، بازاڕەکە تایبەتە بە رۆژانی هەینی و بە بازاڕی فەقیران ناوی دەرکردووە.
هەموو شەوانی پێنجشەممە بۆسەر هەینی، کاسبکاران کەلوپەلەکانیان دەبەنە سەر شەقامە گشتییەکەی بازاڕی سورچیان، شوێنی خۆیان دەگرن و خۆیان بۆ بەیانیەکی پڕ جموجۆڵ ئامادە دەکەن.
تەمەنی ئەم بازاڕە هەمووی چوار کاتژمێرە، لەو ماوەیەدا ئەوەی زوو خۆی بگەیەنێتە بازاڕەکە، کەلوپەلی باش بە نرخی هەرزان دەکڕێت، جا دەڵێن بۆ ئەوانەی نۆماڵن و کەم دەرامەتن، ئەو بازاڕە یەکاو یەکە و هەرچی بیانەوێ دەست دەکەوێت، هەندێکجار کاسپبکارنی بازاڕەکە بۆ خۆشی دەڵێن، “بەس بەشەر نەبێت هەموو شتێکی تر کڕین و فرۆشتنی پێوە دەکرێت”.
ساڵانی پێشوو بازاڕەکە زۆر لە ئێستا قەرەباڵغتر بوو، ئەوکات کڕیارانی عەرەب دەهاتن ئەشیاکانیان دەکڕی و دەیانبردەوە بۆ شارەکانی خۆیان، بەڵام ئێستا لە بازگەکان رێ بەوە نادەن، لەگەڵ ئەوەش بازاڕەکە رەونەقی خۆی لەدەست نەداوە.
هەندێك لە خەڵکی شارەکە کردوویانە بە پیشەی هەمیشەیی و هەموو رۆژانێکی هەینی دەچنە بازاڕی سورچیان و ئەوەی دڵیان بیگرێت، دەیکڕن و دەیبەنەوە ماڵەوە.
بازاڕی کۆنەفرۆشانی هەولێر لە چەقی شاردایەو شانی بە شانی قەڵاوەیە، خۆی بازاڕەکە ناوی بازاڕی شێخ مستەفایە، بەڵام لە ساڵانی هەشتاکانەوە لەبەر ئەوەی زۆربەی دوکاندارانی ئەم ناوچەیە سورچی بوون بۆیە ناونراوە بازاڕی سورچیان، لە ساڵانی نەوەدەکانیشتەوە بەیانیانی هەینی بووەتە شوێنی ساغکردنەوەی کەلوپەلی بەکارهاتوو.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری