
توێژینەوەیەكی نوێی بەریتانی
ئەگەر دەتەوێت بێهیوا و بێتاقەت بیت ئینتەرنێت زۆر بەکاربهێنە
964+
محەمەد فاتیح
لە سەردەمێکدا کە گەنجان نوقمی ئەپڵیکەیشنە دیجیتاڵییەکانن، توێژینەوەیەكی نوێی بەریتانی تێکچوونی پەیوەندی نێوان نەوەی نوێ و جیهانی مەجازی ئاشکرا دەکات و باس لە پەرەسەندنی رەتکردنەوەی ئینتەرنێت وڕێکخستن و سنووردارکردنی کاریگەرییەکانی لەسەر ژیانی رۆژانە دەكات لەلایەن گەنجانەوە.
دكتۆر موهەنەد حەبیب سەماوی سەرپەرشتیاری گشتی سەنتەری میدیای دیجیتاڵی لە عێراق بە 964ـی وت، “توێژینەوەکە لەلایەن پەیمانگای ستانداردەکانی بەریتانیا (BSI) بە هاوکاری لەگەڵ دەزگاکانی تری توێژینەوە ئەنجامدراوە و 1293 گەنجی بەریتانی بەشداریان تێیدا كردووە کە تەمەنیان لە نێوان 16 بۆ 21 ساڵ بوو”.
ئەنجامی توێژینەوەكە بەم شێوەیە بوو:
-69%ی بەشداربووان دووپاتیان کردەوە کە دوای بەکارهێنانی سۆشیال میدیا هەست بە خراپترین دۆخ دەكەن.
– 68% دەڵێن کە بەکارهێنانی درێژخایەنی ئینتەرنێت کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونییان هەبووە.
-46% بەشداربووان هیوایان خواستووە لە جیهانێکی بێ ئینتەرنێت ژیانیان بەسەربردایە.
– 50% پشتگیری لە سەپاندنی قەدەغەکردنی ئەپەکانی وەک تیک تۆک و ئینستاگرام دەكەن لە دوای کاتژمێر 10ی شەو.
-42% دانیان بەوەدا ناوە کە درۆیان لەگەڵ دایک و باوکیان کردووە سەبارەت بە چالاکییە ئۆنلاینەکانیان.
-42% لە کاتی ناو تۆمارکردن لە پلاتفۆرمە دیجیتاڵییەکان تەمەنی خۆیان گۆڕیوە.
27% وا خۆیان نیشان دەدەن کە کەسێکی تەواو جیاوازن لە ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆیان.
-داتاکان دەریانخستووە کە 43%ی کچان ئەکاونتی ساختەیان دروستکردووە، لەکاتێکدا 36%ی کوڕان ئەکاونتی ساختەیان دروستکردووە.
ئینتەرنێت
دكتۆر موهەنەد حەبیب دەڵێت، “ئەم توێژینەوەیە گۆڕانکاری لە هۆشیاری دیجیتاڵیدا لە نێو ئەو نەوەیەدا ئاشکرا دەکات کە لە سەردەمی دیجیتاڵیدا گەورە بوون و دەستیان کردووە بە دەربڕینی ناڕەزایی و دڵەڕاوکێ بەرامبەر بەم جیهانە و دەنگیان بەرز دەکەنەوە و داوای هاوسەنگی و پاراستن دەکەن لەناو ژینگەی دیجیتاڵیدا”.