زبڵ و خاشاکى فڕێدراو لە سنوورى چوارقوڕنە
شارەوانى چوارقوڕنە بڕیاریدا
ئەو زبڵ و خاشاکەى لە رانیەوە دەبرایە چوارقوڕنە راگیرا
964+
وریا فەتاح
سەرۆکى شارەوانیى چوارقورنە رایدەگەیەنێت، ئەو زبڵ و خاشاکەى لە رانیەوە دەگوازرایەوە بۆ سنوورى چوارقوڕنە رایان گرتووە، دەشڵێت: زبڵ و خاشاکى رانیە نییە و هى کۆمپانیایەکە.
لە دوێنێوە ژماریەکى زۆر زبڵ و خاشاک و خۆڵ، لە رانیەوە دەبرایە سنوورى چوارقوڕنە و لەوێ رۆدەکرا.
لەسەر ئەو بابەتە 964 قسەى لەگەڵ حەسەن زرار، سەرۆکى شارەوانیى چواڕقوڕنە کرد، ئەو لەبارەى ئەو بابەتەوە وتى، “ئەوەى زبڵ و خاشاکى رانیە نییە، بەڵکو هى کۆمپانیایەکە کە لە پشتى کلکى کۆڵێن لە دیوى رانیە شارێکى نیشتەجێبوون دروست دەکەن”.
وەک باسى دەکات، ئەو شوێنەى خۆڵ و خاشاکەکانى لێ رۆکراوە، کەوتووەتە دەرەوەى سنوورى شارەوانیى چواڕقوڕنە، خاشاکەکان خراونەتە ئەو چاڵانەى بەهۆى کارى غەسالەکان لە سنوورى ئەستریلان دروست بوون.
“خاوەن غەسالە و خاوەن زەوییەکان لەگەڵ کۆمپانیاکە رێککەوتوون بۆ ئەوەى بەو خۆڵ و خاشاکە چاڵەکان پڕبکەنەوە”، حەسەن زرار واى وت.
ئاشکراشى کرد، ئەمڕۆ ئەنجومەنى شارەوانیى چوارقوڕنە کۆبووەتەوە و بڕیاریانداوە بە راگرتنى ئەوکارە.
سەرۆکى شارەوانیى چوارقوڕنە روونى کردەوە، دەبێت کۆبوونەوەیەکى بەرفراوانى شارەوانى و لایەنە پەیوەندیدارەکان و فەرمانگەى ژینگە بکرێت، ئەگەر رێگەش بدرێت بەوەى ئەو خۆڵ و خاشاکە لەو شوێنانە رۆبکرێت، بە شێوەیەکى ژینگەیى بێت و کاریگەرى لەسەر ژینگەى سنوورى چوارقوڕنە دروست نەکات.