زێبرا.. پێنج سەدەیە رکابەری دونیا دەکات 

نرخەکەی دەگاتە پێنج هەزار دۆلار

 میدیازان – هیڤی دێوالی – دهۆک 

 قوماشی زێبرا، تاکە براندی کوردییە کە یەکێکە لە گرانترین قوماشەکان کە رکابەری قوماشی هەموو دونیا دەکات و مێژووەکەی زیاتر لە ٥٠٠ ساڵ دەبێت.

 قوماشی کر یان شان شەپک، یەکێکە لەو جۆرە قوماشە کوردییانەی نمونەی لە هیچ وڵاتێک نیە و تاکە قوماشە هەر لە موی مەرەزەکە بگرە تا دەگاتە لەبەر کردنی مۆرکێکی کوردەواری و فۆلکلۆری پێوە دیار بێت.

 کاروان دۆسکی، یەکێکە لە قوماشفرۆشەکانی دهۆک کە ماوەی ٦٢ ساڵە ئەو کارە دەکەن، دەڵێ ئەو قوماشە جۆری زۆرەو ناودارترینیان شەرنەخی، بەکر بەگی، بەکر بەگی کەلاشتی، کەرانی – زێبرا، خەت خەت، رەش ئاغایی.

 ئەو قوماشە لە ناوچەی بادینان و سۆران، جیاوازییان هەیە، تەنانەت لە دوورینشدا جیاوازن، تەنیا لە بادینان بە سێ جۆر لای بەرگدوور دەدوردرێ، شێوازی بەرواری باڵا، زێباری و مزوری.

“ناودارترینیان شەرنەخی و بەکر بەگییە”

 ئەو قوماشە لە زۆر ناوچەی کوردستان دروست دەکرێت، لەباشووری کوردستان لە ناوچەی قەڵادزێ و هەورامانیش دروست دەکرێن، بەڵام بەناوبانگترینی ئەوانەن کە لە زاخۆ دروست دەکرێن کە نرخی هەندێکیان دەگایە حەوت هەزار دۆلاری ئەمەریکی.

 کاروان دۆسکی، روونی کردەوە ١٠٠ ساڵ زیاترە، مەسیحییەکانی زاخۆ خەریکی دروستکردنی ئەو قوماشەن، وتی “قوماشەکە لە مووی بزن، بەتایبەت بزنی مەرەز دروست دەکرێت، تا ئەو مووە دەبێت بەو قوماشەی دێتە بازاڕ مانگێک تا مانگێک و نیوی پێدەچێت.

“پاش قەیرانی دارایی نرخی ئەو قوماشە کەمێک هەرزان بووە، پێشتر جۆری هەرە باشەکەی خەتخەتی زێبرایە دەگەیشتە سەرووی سێ هەزار دۆلار، ئێستا ئەو جۆرەیان نرخی دوو هەزار دۆلارە، ئەوانی تریش بە گشتی نرخیان لەنێوان ٣٠٠ بۆ ١٤٠٠ دۆلارە”. کاروان وای وت، باسی لەوەش کرد کە بەکر بەگی ئەو جۆرەیانە کە پیاوماقوڵان دەیپۆشن، بەڵام گەنجەکان زیاتر ئەوانە دەکڕن کە نرخیان لەنێوان ٣٠٠ بۆ ٥٠٠ دۆلار دایە.