"خەڵک دانراوە وانەبێژ نەبووە"
مامۆستایانی وانەبێژی لابراو لە کەلار گردبوونەوە
میلاد جەلال – گەرمیان
ئەمڕۆ چوارشەممە، مامۆستایانی وانەبێژی لابراو لەبەردەم بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی گەرمیان گردبوونەوە، لە دژی دامەزراندنی دوو کەس بە گرێبەست کە دەڵێن،”ھیچ وانەبێژییەکیان نەکردووە”.
شاھۆ محەمەد، یەکێکە لەو وانەبێژە لابراوانە بە 964ى وت، “ئێمە بە ھۆکاری جیاواز لە وانەبێژی دوورخراینەوە، دواتر بە بڕیارێکی وەزیری پەروەردە فۆڕممان پڕکردەوە، كە ھەرکاتێک بۆشایی دروست بێت، ئێمەی لابراو لەپێشینەبین بکرێین بە گرێبەست”.
“لە ماوەی چاند روژی رابردوو ناوی دوو کەس بڵاوکرایەوە کە وەک مامۆستای گرێبەست دامەزراون، ئەو دوو کەسە ناویان لە لیستی وانەبێژە دەرکراوەکان نییە”، شاھۆ محەمەد وای وت.
چۆڤین عەلی، یەکێکی دیکەیە لەو کەسانەی بەشدارە لە گردبوونەوەکە، بە 964ى وت، “ئەو دوو کەسە بە واسیتە دامەزراون و خزمی بەرپرسێکن، یەکێکیان دەڵێن خۆبەخشە و ئەویتریش ھیچ وانەبێژی نەکردووە، بەڵام بە گرێبەست دامەزراون”.
ئالان عەلی، یەکێکی دیکە لە وانەبێژە لابراوەکان، بە 964ى وت، “لە لیستى وانەبێژە لابراوەکان کەسوکاری ئەنفالی تێدایە، بۆچی ئەوانە دانەنراون لە دەرەوەی ئەو لیستە بە خزمخزمێنە دوو کەس دانراوە و ئێمە قبوڵ ناکەیەن”.
پەیامنێری 964 چەند جارێک پەیوەندیی کرد بە بەڕێوەبەری پەروەردەی گشتیی گەرمیان بەوەکالەت، بەڵام ژمارەکەی داخرابوو.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا