عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی كیمیایی
بەشێكی لە كەركوک بووە
دەست بەسەر زیاتر لە 500 دۆنم زەویی عەلی كیمیاییدا گیرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
سندوقی گێڕانەوەی پارەكانی عێراق دەستبەسەرداگرتنی 500 دۆنم زەوی کشتوکاڵی راگەیاند، کە بەناوی عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی كیمیایی، سەركردەی پێشووی حزبی بەعس و دوو برای تاپۆ کراون، بەو پێیەی دەکەونە ژێر بڕگەکانی یاسای ژمارە 72ی ساڵی 2017.
ئەمڕۆ سێشەممە 27.5.2025 جێگری سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبەری سندوقەکە عەباس موتعیب شامی لە بەیاننامەیەکدا، پشتڕاستی کردووەتەوە، کە پشکی عەلی حەسەن مەجید ، ئامۆزای سەرۆکی پێشووی رژێمی بەعس و وەزیری پێشووی بەرگری و هەردوو براكەی “فازێل و عەبد” لە پێنج موڵکدا بووە و دەستی بەسەردا گیرا.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “پرۆسەی دەستبەسەرداگرتنەكە بەپێی یاسای ژمارە 72ی ساڵی 2017ی دەستبەسەرداگرتنی سەروەت و سامانی جوڵاو و نەجوڵاوی سەر بە پایەکانی رژێمی پێشوو ئەنجامدراوە”.
ئاماژەی بەوەش کرد، “سندوقەکە کۆپییەکی نووسراوەکەی بەشی تۆمارکردن لە وەزارەتی داد بۆ بەشی خانووبەرەی دەوڵەت لە وەزارەتی دارایی دابینکردووە، کە دەستبەسەرداگرتنی پشکەکانی لەخۆگرتبوو”.
روونیشیکردەوە، “کۆی رووبەری ئەو پشکانەی پێشتر باسکراون لە زەوییە کشتوکاڵییە دەستبەسەرداگیراوەکاندا 501 دۆنم و 8 ئۆلکات و 76 مەتر چوارگۆشە بووە”.
هەروەها ئەوەشی ئاشكرا كردووە، پشکی عەلی كیمیایی لە پارێزگای کەرکوک 125 دۆنم بووە.
هەروەها ئەو بەرپرسەی سندوقی گێڕانەوەی پارەكانی عێراق دەڵێت، سەرجەم ئەو پشکانەی پێشتر ئاماژەیان پێکراوە بە ناوی وەزارەتی داراییەوە تۆمارکراون، داواش لە بەشی تۆمارکردنی خانووبەرە دەکات سندوقەکە ئاگاداربکاتەوە لە رێکارەکان سەبارەت بە دەستبەسەرداگرتنی ئەو پشکانەی پێشتر باسکراون لە یەکێک لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی ناو هەمان قەزا، کە تا ئێستا نەگەڕێندراوەتەوە بۆ سندوقەکە.
عەلی كیمیایی کێیە؟
عەلی حەسەن مەجید، ناسراو بە عەلی كیمیایی یان عەلی كیمیاوی، جەنەڕاڵی پێشووی سوپای رژێمی لەناوچووی بەعس و ئامۆزای سەدام حوسێنی سەرۆك كۆمار بوو، کە وەکو کەسی یەکەم لە کیمیابارانی شاری ھەڵەبجە بە سزای لەسێدارەدان تۆمەتبار کرا و لە 25.1.2010 بە بڕیاری دادگای تاوانەکانی بەغداد لەسێدارەدرا.
ئەو بە یەکێک لە ھاوڕێ نزیکەکانی سەدام حوسێن ھەژمار دەکرا و پلەی فەریق روکنی هەبوو. ئەو بە دەستەڕاستی سەدام حوسێن هەژمار دەكرا و جێبەجێکاری زۆرێک لەو کردارە و تاوانە خوێناوییانە بووە، کە دەرھەق بە کورد و عێراقییەکان ئەنجام دراون.