داوای یاسایەک بۆ مافی ئاژەڵان دەکرێت
” بێچووی ئەسپیان بە پیكاب لە سكی دایكی راكێشاوە”
964+
محەمەد فاتیح
” بێچووی ئەسپیان بە پیكاب لە سكی دایكی راكێشاوە”
تائێستا خەڵك و راگەیاندنەكان زۆر جار وەک نوێنەری زەردەشتییەكان لە هەرێمی كوردستان دەیناسن و باسی دەكەن، بەڵام ئەو لەگەڵ ئەوەی ئاژەڵدۆستە، ئاژەڵیش بەخێو دەكات و یەكێكە لەو كەسانەی بە سەرسەختی داكۆكی لە ئاژەڵ و مافی ئاژەڵەكان دەكات.
ئاوات حوسامەدین نوێنەری زەردەشتییەكان لە هەرێمی كوردستان، ئەو پەوپەڕی پەرۆشیەوە لەسەر مافی ئاژەڵان بۆ 964 قسەی كرد و دەڵێت، “ئەوانەی كە شوێنیان وەرگرتووە بە ناوی ئاژەڵدۆستی زیاتر بۆ بازرگانی بەكاری دەهێنن و هیچ شوێنێكمان نییە بۆ ئاژەڵدۆستی، ئەوانەی كە ئاژەڵ دەفرۆشن و چارەسەریشی دەكەن، پارەیەكی خەیاڵی وەردەگرن”.
وتيشى، “زۆربەی ئەم ڤێتەرنەرییانەى سلێمانی شوێنی ئاژەڵی گەورەیان نییە وەك گوێدرێژ و ئەسپ، دەبێت بیبەیت بۆ تاسڵوجە، بەڵام لەوێش زۆرجار كە چوومەتەوە سەیر دەكەم، گوێدرێژیان لەناو قوڕوچڵپاو و ژێر باران داناوە، گلەییم زۆر لە ڤێتەرنەری سلێمانی هەیە، ئەم ئاژەڵانە وەرناگرن و گرنگیان پێنادەن، تەنانەت كاتێك ئەسپێک بێچووی دەبوو، بە پیكاب بێچووەكەیان لە سكی ئەسپەكە راكێشاوە و دەرهێناوە”.
ئاژەڵدۆست
“ئەو سیتیانە كە دروست دەكرێن دەبنە هۆی ئەوەی ئەو ئاژەڵانە لەو شوێنانە وەدەرنێن و داوا لە حكومەتی هەرێم دەكەم یاسایەک دانێت بۆ ئەو كەسانەی كە سیتی و پرۆژەی نیشتەجێبوون دروست دەكەن، لە هەمان سیتی شوێنێک بۆ ئاژەڵ تەرخان بكەن، بە گشتی یاسایەك پێویستە بۆ ئاژەڵان هاوشێوەی ئەوروپا، كە وەزارەتیان هەیە بە ناوی وەزارەتی مافی ئاژەڵان، بە هەمان شێوە پێویستە ڤێتەرنەریەكانیش لە 70% داشكاندن بۆ چارەسەركردنی ئاژەڵی بێلانە بكەن”، ئاوات حوسامەدین واى وت.
زیاتر قسەی بۆ 964 كرد و دەشڵێت، “تائێستا زیاتر لە 850 ئاژەڵی بێلانەم لە مردن رزگار كردووە و رۆژانە خواردنیان بۆ دەبەم و پێویستە هێڵی گەرم هەبێت بۆ ئاژەڵان، بۆ نموونە من كە سەگێك دەبینم قاچی شكاوە دەبێت پەیوەندیان پێوە بكرێت و بە هانامانەوە بێن، پاشان دەبێت منداڵەكانمان لەسەر ئاژەڵدۆستی پەروەردە بكەین، كە یەكێكە لە بنەماكانی مرۆڤبوون و دەبێت ئەمە لە باخچەی منداڵانەوە دەستپێبكات، دەبێت لە هەموو شار و شارۆچكەیەكی كوردستان باخچەی ئاژەڵانمان هەبێت بۆ ئەوەی منداڵەكانمان ئاشنابن پێیان و هەڵسوكەوتی باشیان لەگەڵدا بكەن”.
“ئاژەڵدۆستی ئەركێكی ئایینی و ئەخلاقیشە و زۆر نەخۆشی دەروونییش هەیە بە ئاژەڵ چارەسەر دەكرێن، سەرەڕای نەخۆشی تريش وەك زەردوویی، كه بە ماسی چارەسەر دەبێت، من تەنانەت دژی گۆشت خواردنم و مرۆڤ لە چاوچنۆكی خۆی ئاژەڵەكان سەردەبڕێت، چونكە تەنیا خوا بۆی هەیە رۆح لە گیانلەبەرەكان وەربگرێتەوە”، ئەمەش هەر قسەی ئاوات حوسامەدینە.
![]()
لە گەرمیان کانیاوەکان بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێویەکان خاوێن دەکرێنەوە