بۆ ئەوەی لە تونێتیدا مردار نەبنەوە

لە گەرمیان کانیاوەکان بۆ باڵندە و ئاژەڵە کێویەکان خاوێن دەکرێنەوە

964+
میلاد جەلال_گەرمیان
گەرما و کەم بارانی وای لە ژمارەیەک ژینگەدۆست کرد ئەمڕۆ شەممە، چوونە دەشتاییەکانی گەرمیان کانیاوەکانیان خاوێنکردەوە و رێرەوی ئاویان بۆی دروست کرد، بۆئەوەی لەکاتی تونێتی باڵندە و ئاژەڵە کێویەکان بێن تونێتیان دەرکەن.

یاسین حەمە ئەمین، یەکێکە لەو ژینگە دۆستانە بە 964ى وت،”ئەمساڵ گەرماکەی زوو ھات، لەگەڵ ئەوەشدا باران کەمبوو، ئەمەش وای کردبوو کانیاوەکان ئاویان کەم بکات، ئەمڕۆ رۆشتینە دەشتیاییەکانی گەرمیان چەند سەرچاوەیەکی ئاویمان خاوێنکردەوە بۆ ئاژەڵ و باڵندەکان”.

یاسین و هاوڕێکانی لە ساڵانی رابردوودا بینویانە بەهۆی گەرماو کەمئاوییەوە چەند ئاژەڵێکی کێوی مردار بوونەتەوە، بۆیە بڕیاریانداوە ئەمساڵ نەهێڵن ئەوە دووبارە ببێتەوە.

یاسین دەڵێت ”تا کۆتایی هاوین لەم ئیشە بەردەوام دەبین، لەرێگەی حەوزی کۆنکرێتیەوە ئاو بۆ ئاژەڵەکان دابین دەکەین، ھەر سەرچاوەیەکی ئاویش پێوستی بە خاوێنکردنەوە ھەبێت خاوێنی دەکەینەوەو و رێرەوی ئاوی بۆ دروست دەکەین”.

"ئێوە دانەوێڵە لەسەر چیاکان بڵاوبکەنەوە، نەوەک باڵندەکان لە وڵاتی موسڵمانان برسیبن"