بڕیاربوو لەو چەند رۆژە ئاهەنگى هاوسەرگیرى بکات
گەنجێک لە کاتى دانانى موبەریدە کارەبا گرتى و گیانى لەدەستدا
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
ماوەیەک بوو بوو مارەبڕینى ئەنجامدابوو و بڕیاربوو لە چەند رۆژى داهاتوو ئاهەنگى هاوسەرگیرى ئەنجام بدات، بەڵام شەوى رابردوو لەکاتى دانانى موبەریدە، کارەبا گرتى و گیانى لەدەستدا. ئەمە چیرۆکى گەنجێکى هەولێرە بە ناوى ئەحمەد دزەییە کە شەوى رابردوو ماڵئاویى لە ژیان کرد.
محەمەد مەعروف کە هاوڕێى ئەحمەدە بە 964ـى وت،”درەنگانێکى شەوى رابردوو، ئەحمەدى هاوڕێم لەسەربانى چایخانەکەى سەرقاڵى دانانى موبەریدە بووە، بەڵام کارەبا گرتوویەتى و گیانى لەدەستداوە”.
رووداوەکە لەگەڕەکى موفتى شارى هەولێر بووە.
بەوتەى ئەو محەمەد مەعروف، ئەحمەدى هاوڕێى تەمەنى 33 ساڵ بووە و ماوەیەکبوو دەستگیراندارە و بڕیاربووە لەچەند رۆژى داهاتوو ئاهەنگى هاوسەرگیرى ئەنجام بدات، بەڵام وا ئەمڕۆ یەکەم رۆژى پرسەکەیەتى لە مزگەوتى ئەحمەد یەعقوبیە.
ئەحمەد دزەیى لە 3.1.2025، مارەبڕینى ئەنجام دابوو، لەسەر ئەو هەنگاوە ژیانى پۆستێکى لە ئەکاونتەکەى کردبوو، وێڕاى پێزانین بۆ ئەو کەس و دۆستانەى لەوکاتە لەگەڵى بوون، سوپاسى خواى گەورەشى کردووە لەسەر ئەو هاوسەرەى خستوویەتییە ژیانییەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح