زیاتر لە 23 ملیۆن کەس زانیارییەکانیان نوێکردووەتەوە

ئەم هەفتەیە سیستمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک کار دەکرێت

فه‌رهاد حه‌سه‌ن

بڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌، سیستمی ئەلیکترۆنی خۆراک لە لە سلێمانی و هەولێر و دهۆک کار بکرێت و هه‌ڵه‌بجه‌ش ماوه‌ى زیاتر له‌ هه‌فتیه‌كه‌ كارى كاراكردنه‌كه‌ى ده‌ستپێكردووه‌.

حەسەن نیعمە، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی عێراق رایگەیاند، هەفتەی رابردوو، سیستمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک لە پارێزگای هەڵەبجە کاراکرا، بڕیارە ئەم هەفتەیەش سیستمەکە لە پارێزگاکانی هەولێر، دهۆک و سلێمانی کارا بکرێت.

وتیشی “زیاتر لە 23 ملیۆن و 500 هەزار کەس لە سنوری 13 پارێزگای عێراق زانیارییەکانیان لە سیستمی ئەلیکترۆنی کۆبۆنی خۆراک نوێ کردووەتەوە و پرۆسەکەش بەردەوام دەبێت تا سەرجەم هاوڵاتیان بە ئەلیکترۆنی تۆمار دەکرێن”.

بە پێی بڕیاری وەزارەتی بازرگانی عێراق، تا سەرەتای مانگی تەمموزى داهاتوو سیستمەکە لە سەرتاسەری عێراق کارا دەبێت و پێویستە سەرجەم خێزانەکان لەو سیستمە زانیارییەکانیان نوێبکەنەوە.

به‌پێی داتاكانى ئه‌م وه‌زاره‌ته‌، زۆرترین هاوڵاتیی کە سودمەندی کۆبۆنی خۆراکن لە سنوری پارێزگای بەغدایە کە ژمارەیەکەیان نۆ ملیۆن و 775 هەزار کەسە و تاوه‌كو ئێستا زیاتر لە حەوت ملیۆن و 250 هەزار کەس زانیارییەکانیان تۆمارکردووە.

بەڕێوەبەری پلاندانان ده‌ڵێت، لە سنوری شەش پارێزگای عێراق ناوی 600 هەزار هاوڵاتی لە سیستمی کۆبۆنی خۆراک سڕدراوەتەوە، ئه‌ویش بەهۆی مردن و چوونە دەرەوەی وڵات و دووبارەبوونەوە و ناوی وەهمییەوە.