بە ئەپڵیکەیشنێکى تایبەت
لەماڵەوە نمرەى منداڵەکەت وەربگرەوە
964+
وریا فەتاح
لەمەودوا پێویست ناکات چاوەڕێ بکەیت لەسەر کاغەز ئەنجامى تاقیکردنەوەکانى قوتابیان وەربگریتەوە، ئەوەتا وەزارەتى پەروەردە لە رێگەى ئەپڵیکەیشنێکەوە ئەنجامەکانت پێدەداتەوە.
وەزارەتى پەروەردە لە راگەیەنراوێکدا، ئاگاداری سەرجەم قوتابیانی بازنەی یەکەمی خوێندن (پۆلی یەکەم ، پۆلی دووەم، پۆلی سێیەم )ـی بنەرەتی ( حکومی) دەکاتەوە، لە ئێستادا ئەنجامی کۆتایی ساڵی خوێندنی 2024-2025 لە ئەپلیکەیشنی ئی هەڵسەنگاندن (e-halsangandn) لەسەر هەردوو سیستەمی Android و IOS بەردەست دەبێت و دایک و باوکان دەتوان لەرێگەی ئەم ئەپلیکەیشنە یارمەتی قوتابیەکان بدەن بۆ زانینی ئەنجامەکان.
وەک وەزارەتى پەروەردە خستویەتییەڕوو، لە رێگەى ئەم ئەپڵیکەیشنەوە هەموو قوتابیان بە بە قوتابیانى 9ـى بنەڕەتى و 12ـى ئامادەیشەوە، دەتوانن نمرەکانیان وەربگرنەوە.
روونیشى کردووەتەوە، لە ئەپڵیکەیشنەکەدا بە دوو جۆر نمرەکان بەردەستە، وەک کارتی قوتابخانە یان وەک نمرەی تۆمارکراوی دیجیتاڵی.
ئاماژە بەوەشکراوە، بەهۆى ئەوەى لە ئێستادا پۆلەکانی دیکە لە تاقیکردنەوەدان و هێشتا تاقیکردنەوەکانیان تەواو نەکردوە، پاش تەواو بوونی تاقیکردنەوەکان وەزارەت بەهەمان رێگە نمرەی پۆلەکانی دیکەش رادەگەیەنرێت.
رێنمایى قوتابیان و کەسوکاریشیان دەکرێتەوە، پێویستە ئەپدەیتی ئەپڵیکەیشنەکە بکەیتەوە و دواین ڤێرژن بەکاربهێنیت بۆ وەرگرتنەوەى ئەنجامەکان.
“کۆدی بەکارهێنەر و وشەی نهێنی پێویستە لە قوتابخانە وەربگریت . ئەگەر وەرت نەگرتووە و کارتی ساڵانی پێشووت هەیە چەند ژمارەیەک نوسراوە وەک ژمارەی سریاڵ ئەوە بەکاربهێنە بۆ کۆدی بەکارهێنەر و رۆژ و مانگ و ساڵی لە دایکببونی قوتابییەکە دەبێتە وشەی نهێنی ، بەنمونە قوتابییەک لە 1ـی ٦ـى ٢٠١٩ لە دایک بووبێت دەنوسیت 01062019 دەبێتە وشەی نهێنی”، وەزارەتى پەروەردە وا دەڵێت.