"بە ئامانجی گەشەپێدانی زیاتر بە کەرتی وەبەرهێنان"

لە هەرێم نشینگە دەدرێت بە وەبەرهێنەرانى بيانى و ژن و منداڵەكانیان

964+

محەمەد فاتیح

دەستەی وەبەرهێنان رایگەیاند، لە پێناو گەشەپێدان و بوژاندنەوەی زیاتری کەرتی وەبەرهێنان لە هەرێمی کوردستان و راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی و پێدانی ڤیزا و نشینگە بە وەبەرهێنەر و هاوڵاتیانی بیانی، بڕیاردرا نشینگە بە کەسی بیانی بدرێت.

دەستەی وەبەرهێنان بڵاویكردەوە لە دوای ئەنجامدانی کۆبوونەوەیەکی هاوبەشی نێوان دەستەی وەبەرهێنان و وەزارەتی ناوخۆ لەسەر راسپاردەی نووسینگەی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران بڕیاردرا به پێدانی نشینگەی وەبەرهێن له ماوەی سێ‌ ساڵ بۆ پێنج ساڵ بە کەسی بیانی وەبەرهێن ( خۆی و هاوسەر و منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و دایک و باوک) و لە دوای کۆتاییهاتنی ماوەی نشینگـەکەی بۆ هەمان ماوەی ئاماژە پێکراو درێژ دەکرێتەوە.

لە بڕیارەكەدا هاتووە، پێدانی نشینگەی کار بۆ کەسی بیانی بۆ ئەوانەی داوای دەکەن بۆ ماوەی زیاتر لە ساڵێک تا سێ‌ ساڵ دەبێت (خۆي و هاوسەر و منداڵی تەمەن خوار 18 ساڵ و دایک و باوک) بەو مەرجەی نرخی یەکەکە لە 50 پەنجا هەزار دۆلاری ئەمریکی کەمتر نەبێت و لە دوای کۆتایی هاتنی ماوەی نشینگەکەی بۆ هەمان ماوەی ئاماژەپێکراو، درێژ دەکرێتەوە.

دەستەكە ئاماژەی بەوە كردووە، “بڕیارەكان چوونەتە بواری جێبەجێکردنەوە و ئامانج لێی گەشەپێدانی زیاتره بە کەرتی وەبەرهێنان و راکێشانی وەبەرهێنەری بیانی بۆ ناوخۆی هەرێمی کوردستان، هەروەها ئاسانکارییه بۆ پێدانی ڤیزا و نشینگە بە وەبەرهێنەر و هاوڵاتیانی بیانی”.