"رادیەتەری ئۆتۆمبێلەکەم تەقی و بووەهۆی هەڵگیرسانی ئاگرەکە"

بەتۆمەتی کردنەوەی ئاگرەکەی زەڕایەن کەسێک دەستگیر کرا

بڕوا مەجید – شارەزوور

بەتۆمەتی کردنەوەی ئاگرەکەی گوندی کۆرە لە ناحیەی زەڕایەن کەسێک دەستگیر کرا و وەک خۆیشی دەڵێت، ئۆتۆمبێلەکەی بووەتەهۆی هەڵگیرسانی ئاگرە.

پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ هەینی 23.5.2025 ئاگر لە زەوییە کشتوکاڵییەکانی گوندی کۆرەی سەربە ناحیەی زەڕایەن کەوتەوە و بەهۆیەوە نزیکەی 100 دۆنم گەنم و ژمارەیەک درەختی میوە و چەند هەنگێک سووتان.

سەرکەوت ئەحمد وتەبێژی پۆلیسی سلێمانی بە 964ـی وت، “هەر لەو شوێنە کەسێک بەتۆمەتی کردنەوەی ئاگرەکە دەستبەسەر کراوە و بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 342 لێکۆڵینەوەی لەگەڵدا دەکرێت”.

رادیەتەری ئۆتۆمبێلەکەم تەقی و ئاگر لە ئەکسۆزەکەی هاتەدەرەوە و ئۆتۆمبێلەکەشم ئاگریگرت، بەزەحمەت توانیم ئۆتۆمبێلەکەم بکوژێنمەوە، بەڵام ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو

ئەو کەسەی دەستگیر کراوە، ناوی (ک، ع)ـیە و خەڵکی ناوچەکەیە، پێش دەستگیرکردنی بە 964ـی وت، “پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوومە گوندی کۆرە لە بناری شارەزوور بۆ سەردانیکردنی زەوییەکەم، لەو کاتەدا رادیەتەری ئۆتۆمبێلەکەم تەقی و ئاگر لە ئەکسۆزەکەی هاتەدەرەوە و ئۆتۆمبێلەکەشم ئاگریگرت، بەزەحمەت توانیم ئۆتۆمبێلەکەم بکوژێنمەوە، بەڵام ئاگرەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچوو و هەر لە زەوییەکەی خۆمەوە تەشەنەی سەند و چەند پارچە زەوی دیکەش سووتان”.

ئاماژەی بەوەشکرد، هەر لەو کاتەدا منداڵێکی تەمەن نۆ ساڵیشی لەگەڵ بووە و بە هەوڵێکی زۆر توانیویەتی رزگاری بکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری