خوێندەواری نییە
شاعیرێک لە هەورامان: بەس خۆم و خودا لە نوسینەکەم تێ دەگەین
964+
ئەمەل ناجی – هەورامان
حەسەن عومرانی تەمەن 71 ساڵ، خەڵکی هەورامانی رۆژهەڵاتی کوردستانە، و هەر لەوێش دادەنیشێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی هاوژینەکەی خەڵکی باشوورە زوو زوو بە سەردان دێتە هەرێمی کوردستان، بە تایبەت ناوچەی هەورامان.
حەسەن عومرانی شاعیرە وا نزیکەی 53 ساڵە شعر دەنووسێت، بەڵام بەهۆی ئەوەی نەچووەتە بەر خوێندن، نازانێت بە شێوەیەکی ئاسایی بنووسێت و بخوێنێتەوە، بەڵکو ئەم شێوە نوسینێکی جیاوازی بۆ خۆی داناوە، هەرخۆشی لێی تێدەگات.
بەوتەی حەسەن عومرانی، پێشتر کاری دوکانداری کردووە، کاتێک خەڵک قەرزیان لە دوکانەکەی بردووە، بۆ ئەوەی بیری نەچێتەوە، لەسەر دەفتەری قەرزەکەی بۆ هەر کەسێک و هێمایەکی داناوە، ئەمە بووەتە بناغەی داهێنانی شێوازە نووسینە تایبەتەکەی خۆی، وردە وردە پەرەی بەم شێوازە داوە و لە ئێستادا شێوازێکی نووسینی تایبەت بە خۆی هەیە کە وەک خۆی دەڵێت، “جگە لە خۆم و خودا هیچ کەس لەم نووسینە تێناگات”.
پەیامنێری 964 کە لە گوندی ئەحمەد ئاوای قەزای خورماڵ لەگەڵی دانیشتووە، ویستوویەتی یەکێک لە بەیتەکان بخوێنێتەوە کەچی، ئارۆی کردووە بە هەورامان لە حەسەن عومرانی و ئەویش بۆی راست دەکاتەوە، کە خۆی مەبەستی چییە لە نوسینی ئەو وشەیە.
ئەم شێوازە نووسینە تایبەتە تەنیا بۆ ئەوەیە کە خۆی شعرەکانی بیر نەچنەوە، ئەگەر نا ئەو بە زمانی کوردی و بە هەردوو شێوەزاری هەورامی سۆرانی، لە دووتوێی کتێبێکدا شعرەکانی چاپکردووە و هاوکارییان کردووە.
وەک خۆی باسی لێوەدەکات، هەر لە رۆژی بڵاوبوونەوەی کتێبەکەیدا لە کۆی 500 نووسخە، زیاتر لە 300 نووسخەی لێبەخشراوە.
ناوەڕۆکی شعرەکانی حەسەن عومرانی هەمەجۆرە، و تایبەت نین بە یەک بوار، ئەو بەسەر جوانی هەورامان و کوردستاندا شعر دەنووسێت، هەروەها شعری ئایینی، و دڵداریش دەنووسێت.
پێداچوونەوە: ئەحمەد مستەفا