لە بەرژەوەندى گەرمیانییەکانە

شاخەوان عەبدوڵا مژدە بە گەرمیانییەکان دەدات: رێگای سلێمان بەگ بۆ کفری دەکرێتە دووساید

وریا فەتاح

بڕیارێک لە بەرژەوەندى گەرمیانییەکان دەرچوو و رێگاى سلێمان بەگ بۆ کفرى دەکرێتە دووساید.

شاخەوان عەبدوڵا، جێگرى دووەمى سەرۆکى ئەنجومەنى نوێنەرانى عێراق لە پۆستێکى فەیسبوکدا نوسیویەتى،”لەدوای هاتنی شاندێکی کفری و قائمقامی کفری بۆلای ئیمە لەبەغدا بەڵێنم دا داواکانیان جێبەجێ بکەم لەناویاندا چاککردنی رێگای کفری  بۆ سلێمان بەگ بو”.

وەک باسى دەکات، لەسەر نوسراوێکى خۆى بە ژمارە 287 کە لە 24.3.2024 و دواى مانگێک، رەزامەندى وەزارەتى شارەوانى وەرگرتووە و دواتریش رەزامەندى رێگاوبانى وەرگرتووە رەوانەى کردووە بۆ جێبەجێکردنى لە مانگى پێنج”.

بە دووسایدکردنى ئەو رێگەیە، کارئاسانى تەواو دەکرێت بۆ دانیشتوانى کەلار و کفرى بەتایبەت ئەوانەى بەرەو کەرکوک و هەولێر و خورماتوو و بەغدا دەچن، چونکە رێگاى نێوان کفرى بۆ سلێمان بەگ، سەرەڕاى ئەوەى رێگایەکى یەک سایدى پڕ لە چاڵوچۆڵییە، لە هەمان کاتدا مەترسیدارە و جار جار گروپە پەڕاگەندەکانى داعش لەسەر رێگەکە چالاکى ئەنجام دەدەن.