دیمەنی ماڵێک لە گوندی پشدەر. وێنە:964
بۆ یەکەم جارە کارەبای نیشتیمانییان پێدەگات
گوندی بێموشەی پشدەر رووناک دەکرێتەوە
+964
محەمەد عەلی ـ پشدەر
گوندی بێمووشە لە قەزای پشدەر، ئیتر رووناک دەبێتەوە و بۆ یەکەم جار کارەبا بۆ دانیشتووانەکەی دابین دەکرێت، تا ئێستا پڕۆژەی گەیاندنی کارەبا بە گوندەکە نەچووەتە بواری جێبەجێ کردنەوە، بەڵام ئەوەی هەیە بۆ ئێستا رەزامەندی بۆ راکێشانی کارەبا دراوە، ئەمە تاکە گوندیش نییە لە قەزاکە کە تا ئێستا بێ کارەبای نیشتیمانین، بەڵکو پێنج گوندی دیکەش هەن لەگەڵیدا ئەمەش بە قسەی بەشی کارەبای پشدەر.
موحسین حسێن، بەڕێوەبەری ناحیەی هێرۆ بە 964ـی وت، “گوندی بێموشە سەربەناحیەی هێرۆیە لەپشدەر، تائێستا کارەبای نیشتیمانیان نییە، لەنەبوونی کارەبای نیشتیمانی، مۆلیدەی ماڵانیان بەکار هێناوە.
دەشڵێت، ئێمە گرفتی بێ کارەبایی ماڵەکانمان گەیاندە سەرووی خۆمان و ئێستا رەزامەندی دەرچووە کە گوندەکە رووناک بکرێتەوە و کارەبای نیشتیمانیان بۆ بچێت”.
باسی لەوەشکرد، گوندەکە نزیکەی 13 کیلۆمەتر لە کارەبای نیشتیمانییەوە دوورە، دەبێت ستوونی کارەبا تا ناو گوندەکە بەرین، بڕی67 ملیۆن دینار بۆ پڕۆژەکە تەرخان کراوە، لەماوەیەکی نزیکدا دەستبەکارکردن دەکرێت تێیدا، تا ئێستا چوار گوندی دیکەی سنوورەکەشمان رووناک کردووەتەوە.
عەلی ئەحمەد، بەڕێوەبەری دابەشکردنی کارەبایی نیشتیمانیی قەڵادزێ، لەوبارەیەوە بۆ 964 وتی، ”بەشێک لە گوندەکانی پشدەر کوێرە گوندن و ئاوەدان نین، هەرکات ئاوەدان کرانەوە کارەبای نیشتیمانیان بۆدەبرێت.
وتیشی، تائێستا پێنج گوند لەپشدەر هەن کە پێویستە کارەبای نیشتیمانییان بۆ بچێت و رووناک نەکراونەتەوە“.
”گوندی بێموشە نزیکی 15 کیلۆمەتر لە سەنتەری قەڵادزێوە دوورە و نزیکی 10 ماڵی تێدایە، کە بەکاری کشتوکاڵ و ئاژەڵدارییەوە خەریکن“
پێداچوونەوە: ژێوار خدر