فراکسیۆنە کوردستانییەکان لەوێن
خانەقین كێشەكانی دەگەیەنێتە پەرلەمانی عێراق
964+
راژان باجەڵان – خانەقین
ژمارەیەک پەرلەمانتاری عێراقی سەر بە فراکسیۆنە کوردستانییەکان سەردانی شاری خانەقینیان کرد، قایمقامی شارەكەش كێشە و گرفت و داواكارییەكانی گەیاندە شاندەكە، بە هیوای ئەوەی چارەسەر و جێبەجێ بكرێن، هەرچەندە پێی وایە درەنگ هاتوون.
جەواد فەیزوڵڵا قایمقامی خانەقین بە 964ی وت، “سەرەڕای بەخێرهاتنی گەرممان بۆ شاندەكە، بەڵام هەست دەکەین کەمێک دواکەوتن، چونکە تەمەنی پەرلەمان زۆری نەماوە، سەرەڕای ئەوەش ژمارەیەک پڕۆژە و کێشەمان خستەڕوو، کە بۆ شارەکە گرنگە، لەوانەش “کێشەی دانپێنانی زانکۆی گەرمیان و دەرچووەکانمان، بونیادنانەوەی پاڵاوتگەی نەوتی ئەڵوەن، دروستکردنی شارێکی وەرزشی، دروستکردنی نەخۆشخانەیەکی نوێ، پڕۆژەی ئاوی خواردنەوە، کەموکورتییەکانی کەرتی کارەبا لە خانەقین.
وتیشی، ئومێدەوارین لەم پڕۆژە و گیروگرفتانە چەند دانەیەکی چارەسەر بکرێ و بخرێنە خزمەتی هاوڵاتیانی شارەکە.
شاندەكەی فراكسیۆنە كوردستانییەكان، هەر لە سەردانەكەیان بۆ خانەقین، لەگەڵ بەرپرسانی سەرجەم حزبە کوردستانییەکان کۆبوونەوە و پاشان لە قایمقامییەت گوێیان لە کێشە و گرفتەكان گرت، لە کۆتاییشدا روویان کردە بازگەی باوە مەحمود بۆ چارەسەرکردنی ژمارەیەک کێشە، کە رۆژانە تووشی هاوڵاتیان و بارهەڵگرەکان دەبێت.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا