
"بۆ ئەو پارێزگایانەیە کە هەژارن"
بەتەمای مریشک و هێلکەکەی حکومەتی عێراق بەڕۆژوو مەبن
964+
پێشەوا محەمەد – سلێمانی
ئەو مریشک و هێلکەیەی وەزارەتی بازرگانی عێراق بڕیاریداوە لەمانگی رەمەزاندا لەگەڵ بەشە خۆراکدا دابەشی بکات، هاوڵاتیانی هەرێم ناگرێتەوە.
وەزارەتی بازرگانی عێراق، پێشنیاری کردووە لەمانگی رەمەزاندا لەگەڵ بەشە خۆراکی مانگانەی هاوڵاتیاندا مریشک و هێلکە دابەشبکرێت.
تۆڕی964 لە بەدواداچوونێکدا گەیشتە ئەوەی لەحاڵەتی بڕیاردان و دابەشکردنیشیان هاوڵاتیانی هەرێم ناگرێتەوە.
د.نەرمین مەعروف، پەرلەمانتاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە تۆڕی964ی راگەیاند: هەر بڕیارێک بۆ بەشە خۆراک بێت دەبێت هاوڵاتیانی هەرێمیش بگرێتەوە، بەڵام لەم دواییانە وەزارەتی بازرگانی چەند بڕیارێکی دەرکردووە و مەرجی بۆ جێبەجێکردنی داناوە.
بە وتەی ئەو پەرلەمانتارە هەرچەندە ئەو دابەشکردنی مریشک و هێلکە نەبووەتە بڕیار “بەڵام وەزارەتی بازرگانی دەڵێت بۆ ئەو پارێزگایانەیە کە هەژارن، پارێزگاکانی هەرێمیش وەک پارێزگای هەژار تۆمار ناکرێن و مریشک و هێلکەکە نایانگرێتەوە”.
ناوبراو ئاماژەی بەوەشدا، ئەگەر بزانن بڕیارەکە هەرێمی کوردستانیش دەگرێتەوە بەرگریی لێدەکەین.