تۆڕی ئاوەكە رزیووە

بۆرییە ئاوەكەی گەڕەكی كانی كوردەی سلێمانی هەر رۆژە و لە شوێنێكەوە دەشكێت 

964+

ئەحمەد محەمەد – سلێمانی

ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە، بۆری ئاوی خواردنەوەی ماڵان لەگەڕەكی كانی كوردەی سلێمانی شكاوە و تائێستا چاك نەكراوەتەوە.

بۆرییە ئاوەكە تۆڕێكی گەورەی دابەشكردنی ئاوی سلێمانییە، ئاوی خواردنەوەی بەشێكی زۆری گەڕەكەكانی سلێمانی دابیندەكات و بەهۆی كۆنی تۆڕی ئاوەكەوە زوو زوو لە چەند شوێنێكی جیاوازی گەڕەكەكەوە دەشكێت.

بەركەوت حەمید، یەكێك لە رێبوارانی گەڕەكەكەیە و رۆژانە لەو رێگەیەوە هاتوچۆ دەكات و گرتە ڤیدیۆیەكی ناردووە و بە 964ـی وت، ماوەی زیاتر لە 10 رۆژە ئەم ئاوە لەم كاتی بێ ئاوی و وشكە ساڵییەدا بەفیڕۆ دەڕوات و هەڵیانكەندووە و نایەن چاكی بكەن.

ئەو هاوڵاتییە وتیشی، داوا لە لایەنی پەیوەندیدار دەكەین، لە شارەوانی سلێمانی و بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی هەرچی زووە بێن بەدەم چاككردنییەوە و چی دیكە ئەو ئاوە بەفیڕۆ نەڕوات.

لەبارەی دووبارە بوونەوەی شكانی بۆرییەكەوە، ئامانج جەلال وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی ئاوی سلێمانی بە 964ـی وت، لەماوەی چەند مانگی رابردوو چەند جارێكی دیكەش ئەو بۆرییە شكاوەو تیمەكانمان چاكیان كردووەتەوە، بۆریەكە كۆن بووە و پێویستی بەسەرتاپا گۆڕینی تۆڕی ئاوەكە هەیە، بەڵام لەبەر نەبوون و تەرخاننەكردنی بودجەی پێویست بۆی، تائێستا نەتوانراوە چارەسەری بنەڕەتی بۆ بكرێت.

“بەهۆی هەڵكەوتەی گەڕەكەكە و بەرزو نزمی شوێنەكەوە، تۆڕی ئاوەكە لە قوڵاییەكی زۆردایە و لە هەندێك شوێن دەگاتە نزیكەی چوار بۆ پێنج مەتری ژێر زەوی، هەر ئەوەش هۆكاری دواكەوتنی چاككردنییەتی و تیمەكانمان بەهیلاكەت دەچن تا چاكیدەكەنەوە” وتەبێژی ئاوی سلێمانی وای وت.

پێداچوونەوە: توانا نەقی

شکانی بۆرییەکی ئاو سێ گەڕەکی بێئاو کردووە

شکانی بۆرییەکی ئاو سێ گەڕەکی بێئاو کردووە