بارهەڵگرەکانیان زیادیکردووە
دهۆکیەکان بەشەخۆراکی دوو مانگ بەیەکەوە وەردەگرن
964+
عەمار عەزیز -دهۆک
هاوڵاتیانی پارێزگای دهۆک، ئەم مانگە لەیەک کاتدا بەشەخۆراکی دوو مانگ بەیەکەوە وەردەگرن، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی دهۆکیش هۆکارەکەی بۆ زیادبوونی ژمارەی بارهەڵگرەکانیان دەگەڕێنێتەوە.
لە پارێزگای دهۆک، بەهۆی کەمی بارهەڵگری گواستنەوە، بەشەخۆراکی هەریەکە لە مانگەکانی کانونی یەکەمی پارساڵ و مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵ بەیەکەوە دابەشدەکرێت.
نیهاد حەسەن، بەرێوبەری دابەشکردنی بەشەخۆراکی مانگانەی پارێزگای دهۆکە، بۆ تۆڕی964 قسەیکردووە، بە وتەی ئەو چەند رۆژێکە دەستیانکردووە بە دابەشکردنی بەشەخۆراکی دوو مانگی پارێزگاکە بەیەکەوە، تا ئێستا لە %60ی بەشەخۆراکی مانگی کانونی یەکەمی پارساڵ، لەهەمانکاتدا بەشەخۆراکی مانگی کانونی دووەم دابەشکردووە.
بە وتەی نیهاد، ئەوان پەلە لەپڕۆسەی دابەشکردنەکە دەکەن تا بەشە خۆراکی مانگی شوباتیش دابەشبکەن.
سەبارەت بەهۆکاری دابەشکردنی دوو مانگی بەشەخۆراکی ئەو پارێزگایە بەیەکەوە، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراکی دهۆک دەڵێت “پێشتر بارهەڵگرمان کەم بوو، ئێستا بارهەڵگری زۆرمان لەبەر دەستە و دەتوانین دوو مانگ بەیەکەوە خۆراک دابەش بکەین”.
بەگوێرەی زانیاری تۆڕی964 تائێستا ئەو بابەتە خۆراکیانەی لەکۆگاکانی پارێزگای دهۆک وەک بەشەخۆراکی مانگی شوبات ئامادەیە ئەمانەن، برنج، زەیت و لەتکەنۆک. هێشتا شەکر و فاسۆڵیا و ئاوی تەماتە نەگەیشتوون.
پێداچونەوەی فەهمی نەبی