په‌تریكۆر "له جیاتى هه‌ر ناوێك مۆمێك داده‌گیرسێنین"
“هه‌ڵه‌یه‌كى حكومه‌تى هه‌رێم 67 روفاتى ئێزدى به‌بێ ناسنامه كردووه”
964+
فه‌رهاد حه‌سه‌ن
له شنگال، سبه‌ینێ مه‌راسیمی ناشتنه‌وه‌ى 67 روفاتى هاوڵاتیانى ئێزدى به‌ڕێوه‌ده‌چێت، ته‌واوى ئه‌و روفاتانه بێ ناسنامه‌ن و كه‌س نایانناسێت، رێكخراوێكیش ده‌ڵێت به‌هۆى هه‌ڵه‌یه‌كی حكومه‌تى هه‌رێم ئه‌م روفاتانه بێ ناسنامه‌ن.
رووفاته‌كان له ساڵى 2015 له ناوچه‌ى خانه‌سۆر دۆزراونه‌ته‌وه.
خه‌یری عه‌لى ئیبراهیم، سه‌رۆكى رێكخراوى په‌تریكۆر بۆ مافه‌كانى مرۆڤ، كه له نزیكه‌وه ئاگادارى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كانن له سنوورى شنگال، به 964ـى راگه‌یاند، ئه‌م 67 روفاته پێشتر له‌لایه‌ن حكومه‌تى هه‌رێمه‌وه هه‌ڵدراوه‌ته‌وه و له شوێنێك نێژران، به‌ڵام به‌هۆى ئه‌وه‌ى هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵەكان كارى حكومه‌تى هه‌رێم نییه، ئێستا هه‌موویان بێ ناسنامه‌ن.
وتیشی “به‌غدا له‌رێگه‌ى ده‌زگایه‌كى تایبه‌ت به هه‌ڵدانه‌وه‌ى گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌كان ئه‌م كاره ده‌كات بۆیه له‌دواى هه‌ڵدانه‌وه‌ى ئه‌م گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه ئاماده نه‌بوو روفاته‌كان وه‌ربگرێت و پشكنینى DNA یان بۆ بكات بۆ ناسینه‌وه‌یان”.
سبه‌ینێ مه‌راسیمێك بۆ دووباره ناشتنه‌وه‌یان له ژێر ناونیشانى “مۆمێك بۆ ناو” ئه‌نجام ده‌درێت و به‌هۆى ئه‌وه‌ى بێ ناسنامه‌ن بۆ هه‌ر روفاتێك مۆمێك داده‌گیرسێنن.
روونیشیكرده‌وه له داهاتوویه‌كى نزیكدا سه‌رله‌نوێ ئه‌و روفاتانه ده‌رده‌هێندرێنه‌وه و ده‌نێردرێن بۆ به‌غدا بۆ ئه‌وه‌ى پشكنینیان بۆ بكرێت بۆ ناسینه‌وه‌یان ە به‌ڵگه‌نامه‌ى وه‌فاتیان بۆ بكرێت و خاوه‌نه‌كانیشان له قه‌ره‌بووكردنه‌وه بێبه‌ش نه‌بن.